سەركەوتن یان شكست
دوو ساڵ بەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەی سودانی-دا تێدەپەڕێت

تەمەنی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا دوو ساڵ تێدەپەڕێنێت، كە لە 24ی تشرینی یەكەمی 2022 متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێدرا، دوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و رێگاخۆشكردن بۆ لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

لە دوو ساڵی رابردوودا لە سایەی حكومەتەكەی سودانی گۆڕانكارییەكی چلۆنایەتی بەدینەكرا، یان تەنانەت ئەو كێشانەش چارەسەرنەكران كە عێراقییەكان لەڕێی خۆپیشاندانەكانەوە ساڵانێك داوای كۆتایی هێنانیان كرد، لەوانەش بەشبەشێنەی حزبی و سیاسی بەسەر پۆستە گرنگەكان تا گرفتی هەوڵی هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت یان پێكهاتەی ئابوریی عێراق كە پشت بە تەنها نەوت دەبەستێت، وەك ئەوەی لە راپۆرتێكی رۆژنامەی “العربی الجدید”دا هاتووە.

ئاماژەشدەدات، بەشێك لە چاودێر و چالاكوانان پێیانوایە حكومەتەكەی سودانی نەیتوانیووە رێوشوێنی راستەقینە و بەرجەستە بگرێتەبەر، بەتایبەت لە دۆسیەی ئاوارەبووان لە ناوچەكانی وەك جەرف لسەخر، عۆجە، یەسرب و ناوچەكانی دیكە، هەروەها قەرەبووكردنەوەی خانووە داڕوخاوەكان، دوورخستنەوەی هێزە چەكدارەكان لە ناوەندی شارەكان و ناوچە نیشتەجێبوونەكان، هەروەها گەندەڵی دارایی و گرفتی پاشەكشەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی.

سەرۆك وەزیران تەنها چاكسازی لە قیرتاوكردن و رێگاوبان و دروستكردنی پرد و دامەزراندنی ژمارەیەكی بێشوماری بێكاران لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا كردووە، لەگەڵ پڕكردنەوەی سەدان هەزار وەزیفە، سەرەڕای هۆشدارییەكانی شارەزایانی ئابوری لە ئاستی مەترسییەكەی بۆسەر بودجەی وڵات و ئاستی ئەو قورساییەی وەزیفەی گشتیی كەرتی حكومی لەسەر وڵات دروستیكردووە، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە.

عامر فایز، سەركردە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار دەڵێت، “عێراق پێویستی بە حكومەتێكە كە چاكسازی و كارەكان تەواو بكات، نەك سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە و بڕیاری حكومەتەكانی پێش خۆی پشتگوێبخات”.

رۆژنامەكە لە زاری فایز وتیشی، “بۆیە حكومەتەكەی سودانی بەم رێگەیە كاریكرد، سەركەوتنەكانی پێشووی لە دەوڵەتی عێراق تەواوكرد، پلانی خزمەتگوزاریی نوێیشی دانا، كە سەرجەم حزبەكانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری كۆك بوون” ئاماژەشیدا، “ئەستەمە بوترێت حكومەتی سودانی سەركەوتوو بووە لە هەموو شتێكدا، بەڵام كۆمەڵێك دۆسیەی خزمەتگوزاری پێشكەشكردووە، سەرەڕای سەركەوتن لە بواری گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكییەكان دەربارەی رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق”.

ئەیهەم رەشاد، چاكوانی سیاسی-ش دەڵێت، سودانی و حكومەتەكەی “زۆر جیاواز نین” لەهەر حكومەتێكی پاش ساڵی 2003، چونكە لەسەر بنەمای سازانی سیاسی بونیاد دەنێرن، نەك شەرعیەتی سیاسی یان كۆمەڵایەتی.

عەرەبی جدید لە زاری ئەو چالاكوانە وتیشی، “بۆیە ئەو ستایشە زۆرەی سودانی لەلایەن لایەنەكانەوە ئاراستەی دەكرێت، تەنها یەك ئاماژەی هەیە، ئەویش رازیكردنی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەیە بە گرێبەستی دارایی و دامەزراندن و جێگیرکردنی ئەندامەکانیان لە پۆستە گرنگەکاندا، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ناکۆکییەک لە نێوان حکومەت و لایەنەکاندا سەریهەڵدا سەبارەت بە پرسی سووسەكردن “گوێگرتن” (لە نووسینگەی سودانی) كە دەرگایەکی نوێی ململانێی کردەوە”.

لای خۆیەوە عەلی بەیدار، شرۆڤەكاری سیاسیی نزیك لە حكومەت وتی، “ئالنگارییەكان لە عێراق زۆر و گەورەن، هەر حكومەتێكیش رووبەڕووی كۆمەڵێك ئالنگاری دەبێتەوە كە بەداخەوە هەندێكیان رەگێكی قوڵیان هەیە، بەڵام لە هەموو حاڵێكدا حكومەتی سودانی پێشكەوتنی لە بواری ژێرخاندا بەدەستهێناوە، كە بۆ زیاتر لە 40 ساڵ پشتگوێخرابوو، جگە لەوەی توانیویەتی ئارامیی سیاسیش بەدیبهێنێت”.

وتیشی، “ئەو دەستكەوتانەی حكومەت لەماوەی دوو ساڵدا بەدەستیهێاون زۆر گرنگن، بەتایبەت لە بواری ئاوەدانكردنەوە و فراوانكردنی رێگاوبان و بونیادنانی پردەكان” ئەوەشی وت، “حكومەتی سودانی پاڵپشتییەكی سیاسیی گەورەی هەیە، ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنیەتی”.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێکی بەپەلە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی هەڵەبجە: رۆژی پێنجشەممە سەردانی بەشی تۆمار و مۆڵەتی شۆفێری مەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share