ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆببێتەوە و تاوتوێكردنی هەڵبژاردن یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی دەبێت.

كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی دەبێت.

دوو رۆژ لەمەوبەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بارەگای نوێی خۆی لە سلێمانی كۆبووەوە و تیایدا، تاوتوێی دەرئەنجامەكانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا كە رۆژی یەكشەممە 20ی ئەم مانگە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی وێڕای پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی ‏پڕۆسەی هەڵبژاردن و بە پیرەوەچوونی بەرچاویان لە پڕۆسەی دەنگدان، ‏پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەڤاڵانی یەكێتی و كاندیدە تێكۆشەرەكان و جەماوەری وەفاداری حزبی ‏شەهیدان كرد كە سەروەریی گەورەیان لە دوو هێندەكردنی دەنگەكانی یەكێتی تۆماركرد و ‏بە كەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ توانییان پەیامی ‏راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و دروستكردنی هاوسەنگیی هێز بەرجەستە بكەن و ‏راستگۆیی گوتاری راست و رەوای یەكێتییەكەیان دووپاتبكەنەوە كە هەر ئەم پەیامەش ‏نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەكێتیی دەبێت لە نوێكردنەوەی دیموكراتییانە و دادپەروەرانەی ‏پڕۆسەی سیاسی و سیستمی حكومڕانی لە سەرجەم بوارەكان كە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكەكەمان دەبێت.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەكان، لەهەمانكاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەكانی یەكێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەكێتییانەوە، ‏لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بكرێت و سەركەوتنەكانی حزبەكەیان لە پڕۆسەكانی دیموكراتی لە كەركوك و لە هەرێمی كوردستان، بە ‏سەركەوتنی گەورەتر لە عێراق پتەو و تۆكمە بكەن.

بابەتی پێشتر

دوای چوار ساڵ سەردانی ئیمڕاڵی کرا

بابەتی دواتر

کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی وشکەسەرمای راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بە بەرچاوی نوێنەرانی کونسوڵخانەکانی کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا گۆهدار زێباری سزادرایەوە

ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر نوێنەرانی کونسوڵخانەکانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئامادەی دادگاییکردنی گۆهدار زێباری زیندانیکراوی بادینان ئامادەبوون…
Total
0
Share