لە سێ بڕیاری جیادا ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دوو كاندیدی بە پێبژاردن سزادا.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ بڕیاریدا بە غەرامەكردنی (رامی نوری سیاوش) كاندیدی كۆتای كریستیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە بڕی یەك ملیۆن دینار، بەهۆی سەرپێچیكردن لە یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆن.
ئەنجومەنەكە لە بڕیارێكی دیكەیدا سزای غەرامەی بە بڕی یەك ملیۆن دینار بەسەر (باخان ئازاد عەبدولڕەحمان)ی كاندیدی پارتی لە سنووری سلێمانی بەهەمان هۆكاری سەرەوە سەپاند.
هاوكات لە بڕیارێكی دیكەدا سەرەڕای سزادانی “نەوەی نوێ” بە غەرامە بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بەهۆی پێشێلكردنی رێنمایی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، داواش لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم دەكات رێوشوێنی پێویست بەرامبەر كەناڵی “ئێن ئاڕ تی”ی سەر جوڵانەوەكە بەهەمان هۆكار بگرێتەبەر.