کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوانی دزیکردن دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەك سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیەی کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا کە بە وتەی خۆی بڕی نۆ هەزار و 400 دۆلاری ئەمریکی لێدزراوە.
دەشڵێت، دوای ئەوە بڕیاری دادوەر بەدەستهات دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لایەن هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە زانیاریی پێویست بە دەستهات، تۆمەتبار کە لە دایکبووی ساڵی 1976ە لە رەگەزی نێر دانیشتووی سلێمانی دەستگیرکرا.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا تۆمەتبار لە بەردەم پۆلیس و دادوەر دانی نا بە تاوانەکەیدا و دانی نا بەوەی چەندین تاوانی تری دزیکردنی ئەنجامداوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، دادوەر بڕیاریدا بە راگرتنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، لێکۆڵینەوە بەردەوامە.