هەردوو كۆمپانیای فیات كرایسلەر و پی ئێس ئەی تایبەت بە پیشەسازی ئۆتۆمبێل ڕێككەوتنی تایبەت بە یەكگرتنیان ڕاگەیاند.
هاوپەیمانێتییە نوێیەكە لەژێر ناوی ستیلانتس (Stellantis) دەبێت وەك چوارەم گەورە كۆمەڵەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، كە وادەكات كۆمپانیا نوێیەكە ببێتە دروستكەری ئۆتۆمبێلی كارەبایی و ڕكابەری گەورە یاریزانانی گۆڕەپانەكە وەك تۆیۆتا و ڤۆڵكس ڤاگن.
وتوێژەكانی نێوان كۆمپانیای فیات كرایسلەر-ی ئیتاڵی-ئەمریكی و، پی ئێس ئەی-ی فەڕەنسی ساڵێكی تەواوی خایاند تا ئەوەی گەیشتنە ڕێككەوتنی یەكگرتن كە بەهاكەی دەگاتە 52 ملیار دۆلار. یەكەم ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە لە تشرینی یەكەمی 2019دا بوو، كە ئامانج لێی دروستكردنی كۆمەڵەیەكی گەورەیە بە فرۆشی ساڵانەی 8.1 ملیار دۆلار.
چاوەكان لەئێستادا لەسەر كارلۆس تاڤارس-ی بەڕێوبەری جێبەجێكاری پی ئێس ئەی-ن كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییە نوێیەكە دەكات، بەهۆی ئەوەی دەبێت ڕوبەڕووی ئالنگارییە گەورەكان ببێتەوە وەك دابەزینی فرۆش لە بازاڕی چین-دا.
تاڤارس دەیەوێت تێچووی ساڵانەی كۆمەڵەكەی بە زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری ساڵانە كەمبكاتەوە، بەبێ داخستنی هیچكام لە كارگەكانی، سەرەڕای بەكارخستنی ملیارەها دۆلار بۆ دەستكردن بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی.
پی ئێس ئەی فەڕەنسی لە دیارترین ئۆتۆمبێلەكانی بریتین لە بیجۆ و ستروین.