قوباد تاڵەبانی دوو بەڵێن سەبارەت بە مووچە و دامەزراندنی توێژێك دەدات

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەمەودوا زیاتر پێداگیری لەسەر هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەكەن و پرۆژەیەكی یەكێتیش تایبەت بە دامەزراندن ئاشكرادەكات.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ بازنەی شەهیدان لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و تیایدا بڕیاردرا نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدان لە ئیدارەی راپەڕین دروستبکرێت کە ئەو نوێنەرایەتییە راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدا دەبێت و قوباد تاڵەبانی-ش وەک ئەندامی فەخری ئەو نوێنەرایەتییە دیاریکرا.

ئەرکی ئەو نوێنەرایەتییە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بنەماڵەی شەهیدان دەبێت و راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کاردەکەن.

بڕیاریشدرا ئەگەر ئەم نوێنەرایەتییە لە کارەکانیدا سەركەوتوو بوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەش نوێنەرایەتیی هاوشێوە بۆ بنەماڵەی شەهیدان دروستبکرێت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدابن.

قوباد تاڵەبانی بەڵێنیشیدا کە “یەکێتی بە هەموو هێز و تواناوە پشتگیری ئەم نوێنەرایەتییەی بنەماڵەی شەهیدان دەکات و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداد بۆ دروست دەکات”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال روونیکردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێتی هەوڵیداوە کە منحە و مووچەی شەهیدان بخرێتەسەر بەغداد، بۆ ئەوەی مووچە و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت و لەمەودواش زۆر زیاتر و پێداگرتر لە جاران لەم هەوڵەی بەردەوام دەبێت.

قوباد تاڵەبانی باسی لە پڕۆژەیەکی دیکەی یەکێتی کرد کە لە پەرلەمان و کابینەی داهاتوودا جێبەجێی دەکات، ئەویش دامەزراندنی منداڵانی شەهیدەکانە و وتی، “ئەم پڕۆژەیە بەبێ یەکێتییەکی بەهێز جێبەجێ ناکرێت”.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لەم کابینەیەدا بڕیاری دابەشکردنی یازدە هەزار پارچە زەوی دەرکرد، کەچی دواتر لە زۆربەی شوێنەکان کێشە بۆ جێبەجێکردنی دروستکرا و وتی، “نەتوانرا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە یەکێتی لە حکومەتدا لاواز بوو، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی، تا بتوانێت ئەم بڕیارە و بڕیاری هاوشێوەی دیکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان جێبەجێ بکات و هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێت کێشە لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیار و پڕۆژەکانی یەکێتیدا دروستبکات”.

بابەتی پێشتر

داواکاری گشتی بەدواداچوون بۆ کوالێتیی بەنزین دەکات

بابەتی دواتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share