قوباد تاڵەبانی دەڵێت، یەكێتی و سەرۆكەكەی ویست و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەرێم و دەشڵێت، تەنها یەکێتی توانا و هێز و کەرەستەی پێویستی هەیە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوام خەریکی خۆڕێکخستنەوە بووە تا بتوانێت بە هێزێکی زیاترەوە گۆڕانکاری لە شێوازی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
وتیشی، “یەکێتی و سەرۆکەکەی ویست و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە کە بە پشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە دوای هەڵبژاردن بە هەموو هێز و تواناوە کاربکەن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەرێم”.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیكردەوە، “تەنها یەکێتی توانا و هێز و کەرەستەی پێویستی هەیە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی”.
ئەو وتانەی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەمیانەی سەردانیدا بوو بۆ ناحیەی ئیسێوە و گوندەکانی دەوروبەری لە سنووری پشدەر.
لەو سەردانەدا و لە دوو کۆبوونەوەی جەماوەری لە ناحیەی ئیسێوە و گوندی “باوزێ”ێی شەهیدان، قوباد تاڵەبانی باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و روونیکردەوە کە بۆچی گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە یەکێتی بدرێت.