وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ بەغداد 598 ملیار دیناری مووچەی مانگی نۆی نارد و رۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەشدەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ماوەی سێ رۆژە وەفدێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە بەغداد و بەمەبەستی تەواوكردنی ڕێكارەكانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلول و چارەسەركردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەشاری بەغدان، لەو ماوەیەدا چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ئەنجامداوە و لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە گەیشتوونەتە رێككەوتن:
1. دوای تەواوكردنی سەرجەم رێكارەكانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە بڕی 598 ملیار دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان.
2. لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەڕۆژی هەینی دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب دەكرێت و لەماوەی چەند ڕۆژێكدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەشدەكرێت.
3. روونكردنەوەو زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانووی جیاواز ڕاگیرابوون، بەداتا و زانیاریی دروست و نووسراوی رەسمی پێشكەش بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق كراو بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرجبكرێن.
4. دوای خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەكان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەكانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بكرێت.