قوباد تاڵەبانی: جگە لە یەكێتی، هیچ لایەنێكی دیكە كەرەستەی پێویستی نییە بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك تیمەكانی گەنجانی یەكێتی لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا گەورەترین دەرفەت بۆ سەركەوتنی یەكێتی دروستبووە و ئامانجی گەورە و سەرەكی یەكێتیش ئەوەیە بە تۆماركردنی سەركەوتنێكی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێم راستبكاتەوە.

لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە دەستپێكی وتەكانیدا دۆخی یەكێتی لە ماوەی ساڵانی نێوان 2009 بۆ 2022 شیكردەوە كە لەو ماوەیەدا و لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا دوای ساڵی 2022 رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبوو و لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیشدا تەواو بێ كاریگەرببوو، بەڵام لەم سێ ساڵەدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر بووە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوانەی لە نزیكەوە سەرۆك بافڵ دەناسن، دەزانن كە بەڵێنێك بدات، جێبەجێی دەكات و وتیشی بەر لە دوو ساڵ، بەڵێنیدا كە هاوسەنگیی هێز دروستبكاتەوە و جێبەجێی كرد، لە دوای سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی یەكێتی لە كەركوك و موسڵ و لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و چەندین سەركەوتنی دیكەش، ئێستا چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا یەكێتی نەك وەك جاران هێزێكی پەراوێزخراو و بێ كاریگەر نییە، بەڵكو ئەو هێزەیە لەناو هەموو هاوكێشەكاندا حسابێكی گەورە بۆ سیاسەت و بڕیار و هەڵوێستی یەكێتی دەكرێت.

لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، دۆخی لایەنەكانی دیكە و بە تایبەتیش لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی شیكردەوە و رایگەیاند، هیچ لایەنێكیان كەرەستەی پێویستیان نییە بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی.

وتیشی، “تەنانەت یەكێتی چوار ساڵ لەمەوبەریش توانای چاكسازی و گۆڕانكاری نەبوو، بەڵام یەكێتی لەم قۆناغەدا و بەو سەرۆكە بەهێزەی كە هەیەتی و بەو خۆڕێكخستنەوەیە كە كردوویەتی و بەهۆی چەندین تایبەتمەندی دیكەشەوە تەنها لایەنێكە كە كەرەستەی پێویستی بۆ چاكسازی راستەقینە و راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی هەیە و ئەمجارە دەتوانێت و دەشیكات، چونكە ئەمە بەڵێنی سەرۆك بافڵ و ئیرادە و خواستی سەركردایەتی و هەموو كادیر و ئەندام و جەماوەری یەكێتییە.

لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، نەیارانی یەكێتی ئەمجارەیان دڵنیان لە سەركەوتنی گەورەی یەكێتی، هەربۆیە هەوڵدەدەن ئاژاوە و كێشە دروستبكەن و بێڕێزی بە كاندیدەكان و كەسایەتییەكانمان بكەن.

بابەتی پێشتر

سوپای ئیسرائیل: وەڵامی ئێمە بۆ ئێران جیاواز دەبێت

بابەتی دواتر

ستران عەبدوڵا: كراسە كۆنەكەمان دڕی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەعدی ئەحمەد پیرە: رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی بوون رێبەرایەتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیان کرد

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی بنیاتنانی سلێمانیدا دەڵێت، رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی…
Total
0
Share