وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم چەند رێنماییەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و سەرۆکایەتیییەکانی شارەوانی نێدراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، لە پێناو پاراستنی شوێنی گشتی و راگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكان، بە پێویستمان زانی ئەم رێنماییانە تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەربكەین كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی بن:
یەکەم: رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
دووەم: رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
سێیەم: رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.
چوارەم: رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ.
پێنجەم: رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێنرێت.
شەشەم: رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكوومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە…هتد.
حەوتەم: هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
هەشتەم: لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
نۆیەم: ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.