بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایش، لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگری پێشوەخت و لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەر رادەگەیەنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ” لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردووی ئەمساڵدا، لە 14ی ئایار تاوەكو 1ی ئابی ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگیی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەزگای ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری پێشوەخت و بەدواداچوون و چاودێریی وردی هێزەكانمان بۆ ڕێگریكردن لە بازرگانیكردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش تووانیوویانە دەستبگرن بەسەر بڕی 514 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی (كۆكاین ، كریستاڵ ، ماریجۆنا ، تلیاك ، كریستاڵی شل و حەبی كابتاگۆن ) و توانرا 51 تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بازرگانان ویستوویانە بە بەكارهێنانی تەكنیكی نوێی حەشاردان ماددە هۆشبەرەكان لەناوچە سنوورییەكانەوە بەرەو شارەكان و دواتر بەنیازبوون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو كۆمەڵگایەكی تەندروست لە هەوڵەكانی بەردەوامە، وەك هەمیشە تووانیوویەتی رێگری بكات لە بازرگانان و شكستپێهێنانی هەوڵ و تەكنیكەكانی شاردنەوە و گواستنەوەی ئەو ماددانە.
دەشڵێت، “لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 و 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە ئەقڵیەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.