كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرقاڵی وردبینیی ناوی كاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و وتەبێژەكەشی دەڵێت، پاش پەسەندكردنیان وادەی بانگەشە دیاریدەكرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ناوی كاندیدان تائێستا لە قۆناغی وردبینیدایە، لەپاش تاوتوێكردنی ناوەكان لەلایەن ئەو دەستە و ناوەندانەی تایبەتن بە وردبینی.
وتیشی، “لەئێستادا لەلایەن كۆمسیۆنەوە وردبینی لە ناوی كاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، دواتر یەكدەخرێت و بەرزدەكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران بەمەبەستی پەسەندكردنیان”.
جومانە غەلای ئەوەشی روونكردەوە، پاش پەسەندكردن، ئەوكات یەكلادەبێتەوە كە كام كاندید دروستە و مافی بەشداری لە هەڵبژاردندا هەیە.
وتەبێژی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەو قۆناغە ئەنجومەنی كۆمسیاران وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەكات.
بڕیارە لە 20ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە چوار بازنەی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆك بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.