تۆڕێكی سیخوڕیی پاراستنی پارتی دژی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكرێت

ژمارەیەك ئەندامی تۆڕێكی سیخوڕیی پاراستنی پارتی دژی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكرێت، میدیایەكیش وردەكاریی ئامادەكردنی سیخوڕەكان لەلایەن پاراستنەوە رووندەكاتەوە.

بەپێی راپۆرتی تەلەفزیۆنی رووناهی، پاراستنی پارتی لە چەند مۆڵگە و بنكەیەكی خۆیەوە لە دەوروبەری دهۆك، كاری لەسەر دروستكردنی تۆڕی سیخوڕی لەنێو كوردانی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان كردووە بەمەبەستی ناردنەوەیان بۆ ئەو بەشەی كوردستان و ئاراستەكردنیان لەناو هێزەكانی ئەنەكەسەدا بۆ مەرامەكانی خۆی.

میدیاكە لە راپۆرتێكی ڤیدیۆیی خۆیدا وردەكاریی هەوڵی پاراستنی پارتی لەو رووەوە خستووەتەڕوو و دەڵێت، هێزەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئۆپەراسیۆنێكدا چەند كەسێكی سەر بەو گروپە سیخوڕیانەیان دەستگیركردووە و تۆمەتباران لە لێكۆڵینەوەكاندا دانیان بەو تۆمەتانەدا ناوە.

ئەو كەسانەی لە دژی رۆژئاوای كوردستان بۆ كاری سیخوری بەكاردەهێنرێن، سەرەتا لە بنكەی پاراستن لە سیمێڵ دەستبەسەردەكرێن و، پاش لێكۆڵینەوە و چەندین جۆری ئەشكەنجە و هاندانیان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، وەك ئەوەی میدیاكە لە راپۆرتێكی ڤیدیۆییدا ئاماژەی پێدەكات.

ناوەندیی هەواڵگریی پاراستن لە سیمێڵ 14 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری دهۆكەوە دوورە و دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

لەسەر زاری ئەو كەسانەش كە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیركراون روونیدەكاتەوە، لە ناوەندەكەدا ژمارەیەك بەشی گرتن و لێپرسینەوە هەن، كە تیایاندا لەلایەن كەسانی سەر بە پاراستن و میتی توركیاوە كار لەسەر ئامادەكردنی سیخوڕەكان دەكرێت.

دوو شوێنی دیكە كە پاراستنی پارتی كاری سیخوڕی دژ بە كوردانی رۆژئاوای كوردستانی تیادا ئەنجامدەدات، هەریەك لە كامپەكانی دۆمیز و بەردەڕەش-ن.

میدیاكە دەڵێت، كامپی دۆمیز كە پێشمەرگەكانی رۆژی سەر بە هێزەكانی ئەنەكەسە لەوێ دەمێننەوە، تیایدا كاری سیخوڕی لەسەر ئەو كوردانی هاتوچۆی ئەو بەشەی كوردستان دەكەن، دەكرێت.

روونیشیدەكاتەوە، بەشێك لەو كەسانەی لە رۆژئاواوە دەگەنە هەرێمی كوردستان، هەر یەكەیان بۆ ماوەی 20 رۆژ بەناوی لێپرسینەوەوە بە هۆكاری جۆراوجۆر لە ناوەندی هەواڵگریی پاراستن لە سیمێڵ دەهێڵدرێنەوە و دواتر دەخرێنە بەردەم ئەشكەنجە و هەڕەشە و هاندان و پارە و، دواتر ئەو كەسانەی ئامادەیی بۆ كاری سیخوڕی نیشاندەدەن، دەخرێنە ناو بەرنامەیەكی چڕی پەروەردەكردن و پاشان بۆ تاقیكردنەوە رەوانەی كامپی بەردەڕەش دەكرێن و دواتر بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی پاراستن، میت و ئەنەكەسە.

ناو و دانپێدانانی چوار كەس لەو سیخوڕانە لەلایەن میدیاكەوە بە ڤیدیۆ بڵاوكراوەتەوە و تیایدا بە روونی باس وردەكاریی كاركردنیان بۆ پاراستنی پارتی دژ بە كوردانی رۆژئاوای كوردستان خراوەتەڕوو.

 

بابەتی پێشتر

سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی هێزی حەفتا دەکرێت

بابەتی دواتر

خەڵكی هەولێر بەهۆی بێئاوییەوە لە هاویندا خنكاون و زستانیش بەهۆی لافاوەوە بێماڵن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وێنە.. کارمەندێکی مین هەڵگرەوە لە شارباژێر مینێکی پێدا تەقییەوە

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین کارمەندێکی بەڕێوبەرایەتییەکەیان مینێکی پێدا تەقییەوەتەوە لەکاتی کارکردندا. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری…
Total
0
Share