قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی كۆماری ئازەربایجان لە عێراق و پێكەوە گفتوگۆیان كرد لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نیوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئازەربایجان.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و ئازەربایجان كران و هەردوولا هیوایان خواست كاری هاوبەش بكرێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئازەربایجان لە بوارە جیاوازەكاندا و بە تایبەتیش لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
لەم چوارچێوەیەدا باڵیۆزی ئازەربایجان باسی لەوەكرد كە وڵاتەكەی بە نیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا نووسینگەیەكی كەلتووری و هونەری لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە و ئامادەیی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی خزمەت و پڕۆژەی گەشتوكاڵدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا كە هاوكاردەبێت لە دروستكردنی هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربایجان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.