كۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو ئاماژە بۆ ئەوەش كرا پێویستە حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەكانی عێراق بكات و حكومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاكان بێت، وەك چۆن داكۆكی لە مافی هاوڵاتییانی بەسڕە و بەغداد دەكات، بەهەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بكات.
فەرمانگەی میدیای و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، كۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان كرا و جەخت لە رێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەكانی عێراق بكات و حكومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاكان بێت، وەك چۆن داكۆكی لە مافی هاوڵاتییانی بەسرە و بەغداد دەكات، بە هەمانشێوە پێویستە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بكات.
لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوڕابوو لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر بنەمای دەستوور. وتیشی، “هاتنی ئەم وەفدە باڵایە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە”.
دواتر لیژنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەكان كۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان كرد و كۆبوونەوەكانیش لە كەشێكی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون كە تێیدا بەشێوەیەكی راشكاوانە بیروڕا لەبارەی چارەسەكردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕكران و بڕیارە كۆبووەنەوەكانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامبن.