وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرمی و کەمبوونەوەی خواست لە مانگی داهاتووەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان زیاددەکات.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما ساڵانە خواست لەسەر کارەبای نیشتمانی زیاددەکات، هەربۆیە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمدەبنەوە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی خواست کەمدەبێتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاددەکەنەوە.
پێشتر باسیلەوەکردبوو، لە ئێستادا رۆژانە دەتوانین 10-12 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابینبکەین.
سەبارەت بە قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبا لای هاوڵاتییان ئاشکرایکرد، هاوڵاتییان و شوێنە گشتییەکان نزیکەی یەک ملیار دینار قەرزی کارەبایان لایە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داشکاندنی 20% دەستپێبکاتەوە.