ڕاستیی ئەو بەردەی گەرمیان ئاشكرابوو كە هەوڵی بەتاڵانبردنی دەدرا

بەردەكەی گەرمیان

دوای ئەوەی هەوڵێك بۆ بەتاڵانبردنی بەردێكی گەورە لە گەرمیان بە بیانووی بوونی خشڵ و پارچەی شوێنەواری لەئارادابوو، شوێنەواری گەرمیان بەشێك لە بەردەكەیان كردووەتەوە و دەڵێت، تەنها بەردێکی سروشتیە، نە شوێنەوارییە و نە خەزنەی تیادایە.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوری گەرمیان ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە گوندی کەمتاران هەوڵی تێکدان و بە تاڵانبردنی بەردێکی گەورە درا بەگومانی بوونی کەنز، خشڵ و پارچەی شوێنەواریی تیایدا، لەلایەن بنکەی ئاسایشی مەیدانەوە پوچەڵکرایەوە.

بە ئاگاداری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی مەیدان و بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان، هەروەها بە چاودێری کۆمەڵێک لە خەڵکی ناوچەکە و مامۆستای ئاینی و ئەنجومەنی گوندەکە و چالاکوانان، بەشێک لە بەردەکە کرایەوە بەتایبەت ئەو شوێنەی کە هەوڵی کونکردنی درابوو، وەك ئەوەی شوێنەواری گەرمیان ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، ئەو كارەشیان لەپێناو ڕەواندنەوەی گومانەکان و پشودان بووە بە بنکەی ئاسایشی مەیدان کە ماوەی 34 ڕۆژە پاسەوانیان لە بەردەكە کردووە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، “لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت بەڵی ئەم بەردە تەنها بەردێکی سروشتیە نە شوێنەوارییە و نە خەزنەی تیادایە”.

شوێنەواری گەرمیان داواش لە خەڵكی ناوچەكە دەكات زیاتر چاوکراوەبن بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان، هەروەك داواش لەو كەسانە دەكات كە “دوای خەونی خەیاڵاوی کەوتوون لە دۆزینەوەی خەزینە و هێما” دووربكەونەوە لە تێکدانی سروشتی ناوچەکە.

 

بابەتی پێشتر

كوژرانی 47 سەربازی توركیا لە هەرێم ڕاگەیەندرا

بابەتی دواتر

كاری لیژنەكانی دیداری یەكێتی كۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share