زانایانی پەیمانگای كیمیای جیۆلۆجی و كیمیای شیكاری و ناوەندی توێژینەوەی تیشكیی پزیشكی، رێگایەكی نوێیان داهێنا بۆ دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك، كە پشت بە تاوتوێكردنی پێكهاتەی كیمیایی مەمك دەبەستێت.
دینیس دوگادكین، توێژەر لە تاقیگەی شیكاریی ماددەكان لە پەیمانگای كیمیایی جیۆلۆجی دەڵێت، تیمی توێژینەوە پێشنیاری تەكنیكێكی داهێنەرانەیان كرد بۆ ئامادەکردنی نمونەی بچووک بۆ پێوانەكردنی سپێکترۆمێتری (spectrometry).
رێگە پێشنیاركراوەكە بە هەستیاری و خێرایی و وردیی تەواو جیادەكرێتەوە، كە وایلێدەكات گونجاو بێت تەنانەت لە حاڵەتی کەمی چڕیی ماددەکاندا، زانایان بوونی پەیوەندییان لەنێوان بڕ و رێژەی توخمە جیاوازەكان لە رژێنی مەمك و تەندروستیی ژندا ئاشكراكرد.
ڤلادیمێر زایچیك، گەورە توێژەر لە ناوەندی توێژینەوەی تیشكیی پزیشكی دەڵێت، بوونی میكانیزمێك لە جەستەدا پارێزگاری لە ئاستی جێگیری توخمەكان لە شانە و ئەندامەكاندا دەكات، ئەم هاوسەنگییە لە دۆخی نەخۆشیدا تێكدەچێت، ئەگەر لەبارەی پێكهاتەی ئەو توخمانەوە تێبگەین كە ئاماژەیە بۆ گرێی شێرپەنجەیی، دەتوانین بە وردییەكی بەرز دەستنیشانی بكەین.
بە وتەی ئەو تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك تاڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بە گۆڕانكارییەكانی ژینگەوە هەیە (پیسبوونی هەوا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای “پیس” لە بەرهەمهێنانی خۆراک و دەرماندا). ئەم حاڵەتانە کاریگەرییان لەسەر رێژەی ماددەکان لە جەستەی مرۆڤدا هەیە. بۆیە ئەو توێژینەوانەی ژمارەیەكی زۆری مرۆڤەكان دەگرێتەوە، یارمەتیدەر دەبن لە دۆزینەوەی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، ئەمەش رێگە خۆشدەكات بۆ نەهێڵانی هۆكارەكانی تووشبوون پێیان.