وەزارەتی شارەوانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەیەكدا جەخت لە هەنگاوەكانی تایبەت بە خێراكردنی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران كرایەوە كە سەرجەم رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان بەزووترین كات تەواوبكرێن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن تاوەكو فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندببن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانیی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەیەك لە وەزارەت بە ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە خێراتركردنی ئامادەكاریی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خرایەڕوو كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواوكردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كرایەوە كە بەزووترین كات گرفتەكانیان چارەسەربكرێت تاوەكو فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندببن.