کۆمەڵەی ئۆتۆمبێل و جموجۆڵی کۆری رایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە کۆریای باشوور بە رێژەی 17.6% لە تێکڕای ساڵانە کەمیکردووە ئەمەش بەهۆی کەمی خواستی ناوخۆییەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی ئۆتۆمبێل و جموجۆڵی کۆری، کۆی قەبارەی بەرهەمهێنانی پێنج کۆمپانیای ئۆتۆمبێل لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 290 هەزار و 910 ئۆتۆمبێل، کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 17.6% کەمیکردووە.
بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور بڵاویکردووەتەوە، ئەمە یەکەمجارە قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ کەمتر لە 300هەزار یەکە کەمببێتەوە لە مانگی ئابی 2022ەوە، کە کۆی بەرهەمهێنان گەیشتە 284 هەزار و 704 یەکە.
بەپێی ئامارەکان، بەرهەمی کۆمپانیای هیۆندا مۆتۆر لە مانگی رابردوودا بە رێژەی %16.5کەمیکردووە و گەیشتووەتە 128 هەزار و 961 ئۆتۆمبێل، هەروەها کیاش بە رێژەی %6.5 کەمیکردووە و گەیشتووەتە 126 هەزار و 598 یەکە.
بەرهەمی کۆمپانیای جی ئێم کۆریا بە رێژەی 52.6% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 19 هەزار و 885 ئۆتۆمبێل، هەروەها بەرهەمی کۆمپانیای کەی جی مۆبیلیتی بە رێژەی 28.8% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 7 هەزار و 736 یەکە، بەرهەمهێنانی کۆمپانیای رینۆ کۆریا مۆتۆرز بە رێژەی 26.7% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 6 هەزار و 948 یەکە.
چاودێرانی پیشەسازی هۆکاری دابەزینی بەرهەمهێنان بۆ مانگرتنی بەشێکی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل و دابینکردنی پارچەی یەدەگ گەڕاندەوە، ئەمە بێجگە لە کەمی خواست لە ئاستی ناوخۆییدا لەگەڵ داخستنی کاتی کارگەکان لە ماوەی پشووی هاوینەدا لە کۆتایی مانگی تەمموزدا کە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان.