ئەوروپا بێ غازی ڕوسیا ناتوانێت بەئاسانی زستان بەڕێبكات

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریدا لەوەی کارەسات لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا ڕوودەدات لە زستانی داهاتوودا، ئەگەر سەرکەوتوونەبن لە چارەسەرکردنی دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی ڕوسیا، جەختدەکاتەوە ئەو هەوڵانەی تا ئێستا بەو ئاڕاستەیە دراون هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.

لە چاوپێکەوتنێکی فاتح پیرۆڵ کە لە پێگەی فەرمیی ئاژانسی وزەی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، “ئەوە بەس نییە پشت بە سەرچاوەکانی دەرەوەی ڕووسیا ببەسترێت بۆ گاز، زۆر بە ڕوونی ئەو سەرچاوانە بەس نین بۆ جێگرتنەوەی ئەو بڕە گازەی ڕوسیا کە ئەوروپا لەدەستیداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو شتێک هەر بەمجۆرەی ئێستا دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئازەربایجان و نەرویج بە توانای تەواویانەوە گاز هەناردەبکەن، هەروەها هەناردەی باکووری ئەفریقا لە ئاستی ساڵی ڕابردوودا بمێنێتەوە، بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی بە بەرزی بمێنێتەوە و گازی شلی هاوردەکراو بە هەمانشێوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە بەرزی بمێنێتەوە”.

بەپێی شیکردنەوەکانی ئاژانسی وزە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پێویستیان بەوەیە گەنجینەکانیان بەڕێژەی 90% پڕبکەن بۆئەوەی بتوانن وەرزی زستان بەبێ کێشە بەڕێبکەن.

هەروەها کۆمپانیای یونیپێری ئەڵمانی کە لە بواری وزەدا کاردەکات و گەورەترین هاوردەکاری وزەی ڕوسیایە ڕایگەیاند، کۆمپانیای گازپرۆمی حکومیی ڕوسی لەبارەی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی گازەوە پێیوتوون ئەو کەمبوونەوەیە لەدەرەوەی ویستی ئەوانە.

تا ماوەیەک بەرلە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ڕوسیا ڕێژەی 65%ی ئەو گازە سروشتییەی ثردەکردەوە کە ئەڵمانیا هاوردەی دەکرد، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 40%.

لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوسیا ڕایگەیاند، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی هێڵی “نۆرد ستریم 1″ـەوە هەناردەی گازی ڕاگرتووە، ئەوەش بەپێی حکومەتی ڕوسیا 10 ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 21ی ئەم مانگە دەبێت، بەڵام ترسی وڵاتانی ئەوروپا لە درێژەکێشانی ئەو ماوەیە یەکیکە لە هۆکارەکان بۆ مەترسیی کەمیی وزە لە وەرزی زستانی داهاتوودا.

هێڵی گازی “نۆرد ستریم 1” ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا گاز لە ڕوسیاوە بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە.

لە مانگی ڕابردوودا ڕوسیا هەناردەی گازی لەڕێگەی ئەو هێڵەوە بە ڕێژەی 40% کەمکردەوە، هۆکارەکەی بۆ دواکەوتنی کۆمپانیای نۆژەنکەرەوەی هێڵەکە لە کارەکانیدا گەڕاندەوە.

بابەتی پێشتر

یاریزانێكی دۆرتمۆند توشی شێرپەنجە بووە

بابەتی دواتر

کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارین دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share