هیندستان ڤاکسینێکی دژ بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون پەرەپێدەدات

پەیمانگای سیرۆمی هیندستان (SII) رایگەیاند، کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژ بە ئاوڵەی مەیمون دەکات.

ئادار پۆناوالا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگاکە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”دامەزراوەکەمان کە بە یەکێک لە گەورەترین پەرەپێدەرانی ڤاکسین دادەنرێت لە هیندستان، کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژ بە ئاوڵەی مەیمون و بڕیارە ڤاکسینەکە لە کۆتایی ئەمساڵ ئامادەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، ”بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە لە جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونەوە راگەیەندراوە، دەستمانکردووە بە پەرەپێدانی ڤاکسینێک دژی ئەو نەخۆشییە، هیوادارین بەدرێژایی ئەمساڵ دەرەنجامی ئەرێنی زیاترمان هەبێت بۆ ئەوەی هاوبەشی پێ بکەین”.

پێشتر حکومەتی هیندستان کۆمەڵێک بڕیاری بۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانە دەرکردبوو کە گومانی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونیان لێدەکرێت، هەروەها پەیمانگای نیشتمانی بۆ ڤایرۆسناسی (NIV) راسپێردرابوو بۆ پشکنینی نمونەی ڤایرۆسی نەخۆشییەکە.

ئاوڵەی مەیمون یاخود Mpox، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەهۆی بەرکەوتن لەگەڵ پێستی کەسی تووشبوو، کۆئەندامی هەناسەدان، چاو، لووت یان دەمەوە بڵاودەبێتەوە، ئەوە بێجگە لە بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکانی وەک مەیمون و مشک. هاوکات چەند نیشانەیەکی دیاری ئەم نەخۆشییە بریتین لە دەرکەوتنی پەڵە و برینی پێست، تا، سەرئێشە، ئازاری ماسولکە و جومگەکان و لاوازی و ئاوسانی لیمفە گرێکان.

بابەتی پێشتر

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووک لە مالاوی دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

لە هەڵەبجە کەسێک بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share