كەشناسی: دوو شەپۆلی باران و بەفر ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكەن

بەفربارین لە حاجی ئۆمەران – ئەرشیڤ

كەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، شارەكان لە بەردەم دوو شەپۆلی باران و بەفر و سەرمادان و دەشڵێت، كاریگەری شەپۆلی دووەم تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری درێژبوونەوەى دوو شەپۆلى بارانبارین، شەپۆلى یەکەم لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات تاوەکو ڕۆژی هەینى لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژە باران لە تەواوى ناوچەکانى هەرێم دەبارێت.

ڕونیشیكردەوە، ئاستى بارانبارین مامناوەند دەبێت و بڕی بارانى پێشبینیکراو لە ماوەى ئەم شەپۆلە لە نێوان (8 – 15) ملم لە سەنتەرى پارێزگاکان و لە سەنتەرى قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى (10- 22)ملم دەبێت.

كەشناسی دەشڵێت، شەوى پێنجشەممە بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبێت، ڕۆژی هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى ئێوارەدا کۆتایی دێت.

ئاشكراشیكردووە، شەپۆلى دووەم لە ئێوارەى ڕۆژی یەکشەممە کاردەکاتەسەر ناوچەکەمان تاوەکو ئێوارەى ڕۆژی سێشەممە، لەم ماوەیەدا بارانبارین لە زۆربەى ناوچەکان دەبێت لەگەڵیشدا بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەوروپاوە کاردەکاتەسەر ناوچەکەمان و پلەکانى گەرما بەڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزن و، لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر پلەى سیلیزى دەبێت.

كەشناسیی هەرێم ئاماژەشیداوە، بەفر لە زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە 1100 مەتر زیاترە.

بابەتی پێشتر

لێپرسینەوە و لابردنی ترەمپ.. دیموكراتی و بەشێك لە كۆمارییەكانیش لەسەری كۆكن

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان تەنها كاتی وانەكان لە خوێندنگەكان دەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share