لێپرسینەوە و لابردنی ترەمپ.. دیموكراتی و بەشێك لە كۆمارییەكانیش لەسەری كۆكن

دورخستنەوەی ترەمپ بووە بە پرسی سەرەكی

سەركردەی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دوپاتیدەكاتەوە ئەنجومەنەكەیان سوورە لەسەر بەرزكردنەوەی بەندەكانی لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجومەنی پیران لە نزیكترین كاتی ئەم هەفتەیەدا.

ستینی هوێر، سەرۆكی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بە دووەم گەورە كەسایەتیی دیموكراتی ئەنجومەنەكە دادەنرێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی دووەم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، هیچ هۆكارێك نییە ڕامانبگرێت لە ناردنی لەم هەفتەیەدا.. سوورین لەسەر ئەنجامدانی”، وەك ئاماژەیەك بۆ بەرزكردنەوەی بەندەكانی تایبەت بە لێپرسینەوە لە ترەمپ.

ڕێوشوێنەكە بریتیە لە تاوتوێكردنی پرۆژەیاسایەك تایبەت بە ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ ترەمپ بەهۆی “هاندانی هەڵگەڕانەوە” و دانانی ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكان و دامەزراوە حكومییەكانی لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدا.

لای خۆیەوە نانسی پیلۆسی وتی، سەرەڕای ئەوەی ویلایەتەكەی ترەمپ چەند ڕۆژێكی دیاریكراوی ماوە، بەڵام لێپرسینەوەی پێویستە.

پیلۆسی یەكێك بوو لەوانەی ناچاربوو لە ئاكامی بارگرژییەكانی كۆنگرێس خۆی حەشاربدات، پاش ئەوەی بەشێك لەوانەی هێرشیانكردەسەر بیناكە بەدوایدا دەگەڕان و بەدەنگی بەرز دەیانپرسی “نانسی لە كوێیە؟”.

لەو چوارچێوەیەدا ماكگرفن، نوێنەری دیموكراتەكان وتی، لابردنی ترەمپ پەیامێك بە جیهان دەدات كە دیموكراسیەتی ئەمریكا بەردەوامە.

شایلە لی، یەكێكی دیكە لە نوێنەرانی دیموكرات وتی، سەرۆك بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە كارە توندوتیژییەكانی وڵات، هەروەك نوێنەرێكی دیكە ترەمپ-ی بە كودەتاكردن بەسەر كۆنگرێس-دا تۆمەتباركرد.

تەنها دیموكراتەكان نین، بەڵكو بەشێك لە نوێنەرانی كۆمارییەكانیش پشتیوانیی ڕێوشوێنەكانی لێپرسینەوە دەكەن. لیز چینی، یەكێك لەو نوێنەرانە ئاشكرایكرد پشتیوانی بڕیاری لابردنی ترەمپ دەكات و بە توندترین شێوە ڕەخنەی لە هەڵسوكەوتەكانی گرت. ئەو وتی ترەمپ ئەو “ئاژاوەیە”ی هێناوە كە بووە هۆی هێرشكردنەسەر كۆنگرێس، لەكاتێكدا دەیتوانی دەستێوەردان بكات بۆ ڕێگری لە لایەنگرانی تا كاری تێكدەرانە نەكەن، بەڵام ئەو هەنگاوەی نەنا.

هەروەها جۆن كاتكۆ و ئادەم كینزینگر، نوێنەرانی كۆماریی ئاشكرایانكرد كە پشتیوانیی ڕێوشوێنەكانی لابردن دەكەن و پێشبینی خۆیشیان نیشاندا بەوەی نوێنەرانی دیكە شوێنیان بكەون.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاویكردەوە میچ ماكۆنێل، سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیرانیش بە یاریدەدەرەكانی ڕاگەیاندووە كە ئەو باوەڕی وایە دۆناڵد ترەمپ “تاوانی ئەنجامداوە كە پێویستە بەهۆیەوە دوربخرێتەوە”.

كاراكردنی هەمواری 25
سەرەڕای ئەوەی پێشتر مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە نامەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد ڕەتیكردەوە هەمواری 25ی دەستور هەمواربكات كە دەبێتە هۆی دورخستنەوەی ترەمپ، بەڵام دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران بە كۆی 220 دەنگ پڕۆژەیەكیان پەسەندكرد كە تیایدا داوا لە پێنس دەكات ئەو مادەیە هەمواربكات.

هەفتەی ڕابردوو هەزاران كەس لە لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانكوتایەسەر بینای كۆنگرێس، ئەمەش وایكرد ئەندامەكانی، كە بەشدارییان لە دانیشتنی ڕاستاندنی بردنەوەی جۆ بایدن-ی سەرۆكی هەڵبژێردراودا دەكرد، خۆیان بشارنەوە، لەو هێرشەی كە زۆرێك بۆ سەر دیموكراسیەتی ئەمریكا ناویانبرد و كوژرانی پێنج كەسی لێكەوتەوە.

جگە لەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەیان كەس دەستگیركران لەوانەی هێرشیانكردەسەر ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس یان ئەوانەی ئامێری كۆمپیوتەر و كەلوپەلەكانی كۆنگرێس-یان برد و پەنجەرەكانیان شكاند بەهۆی ڕۆڵیان لە كارە توندوتیژییەكاندا.

ترەمپ چی دەڵێت؟
دۆناڵد ترەمپ، كە دوایین ڕۆژەكانی لە سەرۆكایەتی ئەمریكا بەڕێدەكات دوێنێ لە وتەیەكدا لە نزیك دیواری جیاكەرەوەی نێوان وڵاتەكەی و مەكسیك وتی، هەموو ئەو كارانە ڕەتدەكەینەوە كە هەفتەی ڕابردوو لە كۆنگرێس ڕویدا.

وتیشی، “ڕێز لە ڕێوشوێنەكانی ئەمریكا دەگرین و كاری تێكدەرانە ڕەتدەكەینەوە”.

ترەمپ باسیشی لەو دەنگۆیانە كرد كە سەبارەت بە لابردنی بەپێی هەمواری ژمارەی 25ی دەستور باسیان لێوەدەكرێت و وتی، “نیگەران نییە” لەو ڕوەوە.

بابەتی پێشتر

فیۆرنتینا 1-2 ئینتەرمیلان

بابەتی دواتر

كەشناسی: دوو شەپۆلی باران و بەفر ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share