جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە پارێزگای سلێمانی كرد و پێكەوە جەختیان لە هەماهەنگی لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییان كردەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی و چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەرچوێنراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەڤاڵ ئەبوبەکری کرد بەوەی هەمیشە خەمخۆرانە و بە دیدێکی کراوە و بەرپرسیارانەوە هەوڵی خزمەتکردنی هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی و چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە. لە بەرامبەریشدا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد کە لە هەموو قۆناغەکاندا پشتیوانی بووە لە سەرخستنی کاروبارەکان و چارەسەکردنی کێشە ئیدارییەکانی ناو پارێزگای سلێمانیدا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
لە بەشێکی دیكەیدا گفتوگۆکرا لەبارەی ئەو بڕیارانەی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەرچوێندراون، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی بڕیارەکان بەزووترین کات و بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێن کە زۆرترین خزمەتی هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی بکرێت.