شەش هەنگاو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ماندوێتیی دەروونی

كەم نین ئەو كەسانەی هەست بە ماندوێتیی دەروونی دەكەن، كە تیایدا بە ماوەیەك لە هەست و بیركردنەوەی دژوار و ماندوكەردا تێدەپەڕن، ئەمەش وایان لێدەكات خۆڕێكخستن و تێگەیشتن لەوەی روودەدات ئاستەم بێت بۆیان.

بۆ ئەم دۆخە چەند رێنماییەكی پزیشكیی دەروونی هەن كە مرۆڤ دەتوانێت ئەنجامیان بدات بۆ بەئاسانی رزگاربوون لەو دۆخە، بەپێی پێگەی “تایمز ناو”.

دان بە هەستەكانتدا بنێ
سەرەتا دان بەو هەستەی ناختدا بنێ و هەوڵبدە ناوێكی پێببەخشیت، وەك توڕەیی یان نیگەرانی یان دوودڵی یاخود بێئومێدبوون، ئەمە هاریكاردەبێت لە كەمكردنەوەی قورسایی هەستەكەت و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی.

راهێنانی هەناسەدان
راهێنانی هەناسەدان یارمەتیت دەدات بۆ زەمینەسازی، كاتێك نغرۆ دەبیت لە هەستە نەرێنییەكانتدا، بە قوڵی لەڕێی لوتەوە هەناسە هەڵبمژە، بۆ چەند چركەیەك رایبگرە و دواتر بە هێواشی لەڕێی دەمەوە بیدەرەوە، ئەمە یارمەتیدەرت دەبێت بۆ چالاككردنی كۆئەندامی دەمار و لە كۆتاییشدا هێوركردنەوەی مێشك و جەستەت، هەروەها كەمكردنەوەی قورسایی هەستەكانت.

خێرا رۆیشتن یان راكردن
رێگایەكی كاریگەرە بۆ دەردانی نیگەرانی و فشاری كۆبووەوە، راكردن یان یۆگا یاخود خێرا رۆیشتن دەبێتە هۆی پاككردنەوەی مێشك و سەقامگیركردنی هەست و سۆزت، راهێنانە وەرزشییەكان یارمەتیدەر دەبن لە دەردانی ئەندرۆفینەكان كە كار لەسەر باشكردنی دۆخی میزاجی سروشتیی جەستە دەكات و دەشێت باری دەروونیت باشبكات.

پەیوەندیكردن بە كەسێك كە متمانەت پێی هەیە
پەیوەندیكردن بە كەسێكەوە كە متمانەت پێی هەیە. هاوڕێیەكت بێت یان یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەت رێگاچارەیەكی گونجاوە، ئەوان دەتوانن پاڵپشتیت پێشكەش بكەن لەو دۆخە دەروونییانەی تیایدایت، دەشێت باسكردن لە هەستەكانت لەگەڵ ئەوانی دیكە تێڕوانین و چارەسەری نوێ بهێنێتە ئاراوە.

خاوكردنەوەی ماسولكە (PMR)
بریتیە لە توندكردنی كۆمەڵێك ماسولكەی جەستەت پێكەوە و دواتریش خاوكردنەوەی، لە پەنجەكانی قاچتەوە تا سەرت، ئەم تەكنیكە دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی دڵتەنگی و فشاری جەستەیی كە لە ئاكامی ناجێگریی باری سۆزداری دێتە ئاراوە.

مەشقی بیركردنەوە
لەم راهێنانەدا دەتوانیت بیر لە دیمەنێك یان هەڵوێستێكی هێوركەرەوە بكەیت كە یارمەتیدەر دەبێت لە كۆنتڕۆڵكردنی هەستە ناخۆشەكانت.

كاتێك هەست بە ماندوێتی دەكەیت، چاوەكانت دابخە و بیر لە جێگایەك بكەرەوە كە تیایدا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بكەیت، وەك كەناراو یان دارستان یان ژوورێكی گەورەی جوان. ئەم تەكنیكە مێشك و یادەوەریت لە هەستە نەرێنییەكان دووردەخاتەوە و ئارامیت پێدەبەخشێت.

بابەتی پێشتر

بلینکن سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

بابەتی دواتر

کەشناسێک: وەرزی هاوینی ئەمساڵ کۆتا هەناسەکانی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share