مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا پیرۆزبایی دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی كورد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ كەركوك كرا و جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆك مام جەلال بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتە رەسەنەكانی ئەو شارە كرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختیلەوەكردەوە كە ئەم سەركەوتنە بەتەنها هی یەكێتی و كورد نییە، بەڵكو دەستكەوتە بۆ هەموو كەركوكییەكان بەسەرجەم پێكهاتەكانەوە، چونكە سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە كە بەردەوام داكۆكی لە مافی گشت پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەوە كردووە.

هەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكان لە حكومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی كەركوك كرایەوە و جەختیش لەوە كرایەوە كە برا توركمانەكان دڵنیادەكەینەوە هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی كەركوك و یەكێتی داكۆكیكاری راستەقینەی مافەكانیانە و رازیش نابێت هیچ كەس و لایەنێك مافەكانیان زەوت بكات.

لەلایەكی ترەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كرد كە لە ئەمڕۆوە ناكۆكییە لاوەكییەكان وەلا بنێن و باپێكەوە بەشداربین لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی كەركوك بێ هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نێوان پێكهاتەكان و یەكێتی ئامادەی بەرپا كردنی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەیە.

لە كۆتاییدا مەكتەبی سیاسی هاوڕابوو لەسەر ئەوەی كە هەرچەندە پارێزگاری ئێستای كەركوك بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەكێتییە، بەڵام پێویستە دوور لەهەر ئینتمایەكی حزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكان بكات و كەركوك تەنها نەبێتە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتەكان، بەڵكو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نموونەیەكی جوان بۆ عێراق و ناوچەكە.

بابەتی پێشتر

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەنگاوەكانی داهاتوویان ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

لە بەغدادەوە هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share