سەرنوسەری رۆژنامەی سەباحی رەسمیی عێراق بابەتێکی لەسەر کەرکوک نوسیووە و لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەکەدا بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لێدوانەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵنیایی دروستکردووە بۆ سەرجەم لایەنەکانی کەرکوک.
سەرنوسەری رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند، هیچ لایەن و پێکهاتەیەکی کەرکوک پەراوێز ناخرێت، ئەوەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی پارێزگاکە.
باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئامادەنەبوونی ئەندامانی پارتی و بەشێک لە ئەندامانی عەرەب و تورکمان، بەڵام ئامادەبوونی نۆ ئەندام بەس بوو بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی و ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک.
جەختیشی کردووەتەوە، کاتێک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە بە سیاسەتی سەرۆک مام جەلال هەنگاو دەنێن لەگەڵ بارودۆخی پارێزگاکەدا تەواو کاریگەر بووە.
رۆژنامەکە تیشکی خستووەتەسەر، قسەکانی ئاسۆ مامەندیش، کاتێک رایگەیاندووە، پۆستەکانی پێکهاتەی تورکمان بە بەتاڵی دەمێننەوە تا ئەو کاتەی بەشداری دەکەن لە پڕۆسەی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، ئەوە بە روونی مانای ئەوەی داوە کە هیچ پێکهاتە و لایەنێک کەرکوک پەراوێزناخرێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە، کەرکوک عێراقە بە بچوککراوەیی، ئەو کێشانەی کەرکوک هەیەتی هەمان ئەو کێشانەن لە عێراقدا بوونیان هەیە.