پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 519 هێرش و دەستدرێژی بۆسەر پەنابەران لە سەرتاسەری وڵات تۆمارکراون.
پۆلیسی ئەڵمانیا باس لە ئەوەش دەکات، کەیسەکان پێشێلکاریی یاسایین لە جۆری تاوانی وەک ئازاردانی جەستەیی، رق و کینەی رەگەزی و زۆرەملێکردن.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی وڵاتەکە، پێشێلکارییەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی 46 کەس کە 6یان منداڵ بوون.
بەپێی ئاماری پۆلیسی ئەڵمانیا، لەو هێرشانە 456 یان لەلایەن گروپە توندڕەوە راستڕەوەکانەوە ئەنجامدراون، هەروەها 69 هێرش بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران تۆمارکراون.
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی هێرشەکان کەمیانکردووە لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا هەزار و 155 هێرش بۆسەر پەنابەران تۆمارکرابوون.