ڕوسیا و خۆرئاوا هۆشداری بە یەكتر دەدەن و پوتین دەڵێت: بۆ وەڵامدانەوەیان پرس بە شارەزایانی سەربازی دەكەم

ڕوسیا بەردەوامە لە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە سنووری ئۆكرانیا و ڤلادیمیر پوتین هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ناوچەكە دەدات و هەڕشەدەكات كە وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو دۆزە دەبێت و پشت بە شارەزایانی سەربازی دەبەستێت، ناتۆش هاوكاتی هۆشداریدان بە ڕوسیا، دەڵێت، لەگەڵیدا كۆدەبێتەوە.

ماوەیەكە ململانێی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا سەریهەڵداوەتەوە، ناكۆكییەكە لەسەر ناوچەی “دۆنباس”ـە كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا و هەردوو وڵات دەیانەوێت هەژموونی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لەم دۆزەدا ئەمریكا و ئەوروپا پشتیوانیی ئۆكرانیا دەكەن، كارێك كە ڕوسیای تووڕەكردووە و بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی لێیدەڕوانێت.

سەرۆکی ڕوسیا بە کەناڵی (ڕوسیا 1)ی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دەکرێت وەڵامدانەوەی ڕوسیا بۆ ناتۆ تەواو جیاوازبێت، بەڵام ئەو بژاردەیە پشت بە پێشنیازەکانی شارەزایانی سەربازیی وڵاتەکەی دەبەستێت لەوبارەیەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە كە ڕوسیا دڵنیایی داوەتە ئەمریکا و ناتۆ لەپێناو گەیشتنە ئەنجامی دانوستاندن و ڕێگە دیپلۆماسییەکان.

ئەو لێدوانەی ڤلادیمیر پوتین لەکاتێکدایە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ڕوسیا لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوامە، هەریەکە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیی ئەندامی ناتۆ لەوبارەیەوە پاڵپشتیی تەواویان بۆ سەربەخۆیی ئۆکرانیا دووپاتکردووەتەوە و هۆشدارییان داوەتە ڕوسیا لەئەگەری هەر هێرشێکی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکرانیا.

هاوكاتی هۆشداریدانی هەریەك لە ڕوسیا و خۆرئاوا بە یەكتر، هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەنتیك “ناتۆ” بڕیاریدا مانگی داهاتوو لەگەڵ ڕوسیادا كۆببێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا لە چەند سەرچاوەیەكی هاوپەیمانییەكەوە بڵاویكردوونەتەوە، ینس ستۆلتنبێرگ سەرۆكی ئەنجومەنی “ناتۆ” بڕیاریداوە ڕۆژی 12ی مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو، ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا كۆببێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستاوە پەیوەندی بە ڕوسیاوە دەكەن.

تا ئێستا ڕوسیا لێدوانی نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی لەو كۆبوونەوەیەدا، لەكاتێكدا هەفتەی ڕابردوو مۆسكۆ پڕۆژەی دوو ڕێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆ بڵاوكردەوە ناوەڕۆكەكانیان چەند تەوەرێك لەخۆدەگرن تایبەتن بەو گەرەنتییە ئەمنییانەی ڕوسیا و خۆرئاوا لە یەكتر داوایانكردوون، لەوانە بڵاونەكردنەوەی مووشەكی مەودا مامناوەند كە توانای گەیشتن بە خاكی یەكتری هەبێت، لەگەڵ ڕاگرتنی پێشڕەویكردنی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات و گەیشتن بەو وڵاتانەی پێشتر یەر بە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو بوون.

پێنجشەممەی ڕابردوو ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندبوو، “بە خۆرئاوامان وتووە نابێت ناتۆ فراوانخوازیی زیاتر بەرەو خۆرهەڵات بكات، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی خۆرئاوادایە و دەبێت بە هەر شێوە و شتێك بێت وەڵاممان بدەنەوە”.

سەرۆكی ڕوسیا وتیشی، “ئەمریكا مووشەكەكانی هێناوەتە بەردەم ماڵی ئێمە، دەبێت بەزووترین كات گەرەنتیی ئەمنیمان پێبدەن”.

بابەتی پێشتر

تووشبووە گومانلێكراوەكانی هەولێر تووشی ئۆمیكرۆن نەبوون

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. سوپای پاسداران "بە گریمانەیی" هێرشیکردەسەر بنکەیەکی ئەتۆمیی ئیسرائیل

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share