به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ”هیچ به‌رپرسیارێتییەک هه‌ڵناگرین له ئه‌گه‌ری روودانی هەر كێشه‌یه‌ك کە هاوڵاتییان له‌گه‌ڵ كه‌سێك یان كۆمپانیایه‌ك هەیان بێت كه رێگه‌پێدانی نه‌بێت”.
لە راگەیەندراوێکدا به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ”له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و سه‌لامه‌تی و زیان پێ نە‌گه‌یشتنیان بە هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌شتی عومرە له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌س و كۆمپانیانە ئه‌نجام نه‌ده‌ن كە گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمان نه‌كردووە بۆ گواستنه‌وه‌ی عومره‌كاران لە هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە”.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ”ئه‌مساڵ به‌هۆی سه‌رپێچیی رێنماییه‌كان تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 90 كۆمپانیا له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمانەوە راگیراون و مۆڵه‌تیان پێ نه‌دراوه گه‌شتی عومره بكه‌ن تاوه‌كو كێشه‌كانیان چارەسەر دەبێت”.
دەشڵێت، ”له داهاتوویه‌كی نزیكدا ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه كه گرێبه‌ستیان كردووه و ده‌توانن به‌بێ كێشه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه گه‌شت بكه‌ن و به پێچه‌وانه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك هه‌ڵناگرێت له ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه بێته ئاراوه ئه‌گه‌ر هاوڵاتییان له‌گه‌ڵ كه‌سێك یان كۆمپانیایه‌ك گه‌شتیان كردبێت كه رێگه‌پێدانی نه‌بێت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان یاخود راگیرابێت و بلۆك كرابێت یان كه‌سانێك بن كه به نایاسایی بیانه‌وێت له بواری گەشتی عومره‌دا كاربكه‌ن”.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە جەختلەوە دەکاتەوە، ”لیژنه‌كان له هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و سلێمانی لەگەڵ ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر به‌رده‌وام چاودێریی پرۆسه‌ی عومره ده‌كه‌ن له‌پێناو خزمه‌تكردنی هاوڵاتییان و پارێزگاریكردن له مافەکانیان و رێگریكردن له هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك”.
له كۆتاییدا دەڵێت، ”هه‌ر عومره‌كارێك له گه‌شته‌كانیدا كه‌مته‌رخه‌می له خزمه‌تكردنیان به‌دی كرد له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێك یان كۆمپانیایه‌ك، ده‌توانێت سكاڵا له به‌شی یاسای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره تۆمار بكات”.