شەوی رابردوو لە کەرکوک چی روویدا؟

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر کە زیاتر لە حەوت مانگ بوو بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، پۆستە ئیدارییەکانی شاری کەرکوک لە بەرژەوەندی کورد یەکلاکرانەوە و رێبوار تەها بووە پارێزگاری نوێی پارێزگاکە.

لەماوەی رابردوودا، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک براوەی هەڵبژاردنەکان و خاوەنی زۆرترین دەنگ هەوڵیدا، لایەنە کوردییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکدەنگ بن و لایەنەکانی دیکەی پارێزگاکەش لە کابینەی حکومەتی خۆجێیی شارەکەدا جێبکاتەوە.

بەڵام چەند جارێک، ئەم هەوڵە پەکخرا و لایەنێکی سیاسیی کوردی لە شارەکە هەوڵیدا لەگەڵ تورکمان و عەرەب ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت و پۆستی پارێزگاری شارەکەیان پێشکەش بکات.

لە کۆتاییدا، شەوی رابردوو، کۆبوونەوەیەک زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی لە بەغداد کۆکردەوە و دەنگدرا بە رێبوار تەها، ئەندامی یەکێتی ئەنجومەنەکە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کۆتاییهێنان بەو دۆخەی چەندین ساڵ بوو بەسەر پارێزگاکەدا سەپیبوو.

رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی كەركوك لە پەیامێكیدا رایگەیاند، “لە ئەمڕۆوە رۆژێكی نوێ لە كەركوك دەستپێدەكات و پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی شاری كەركوك و سەرجەم پێكهاتەكان دەكەین و كەركوك و كەركوكییەكان شایەنی خزمەتكردنن”.

هاوکات، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك رایگەیاند، “پێویست دەكات كەركوك ئاشتبكەینەوە و كەركوك دەكەینە نموونەی پێكەوەژیان و نموونەیی ئارامی و بەڵێنەكانمان بەرامبەر كەركوكییەكان جێبەجێدەكەین”.

بابەتی پێشتر

رێبوار تەها بە پارێزگاری نوێی كەركوك هەڵبژێردرا

بابەتی دواتر

پۆلیسی دارستان: پێنج کەس بە تۆمەتی راوکردنی ماسی بە کارەبا دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژنامەنووس دیاکۆ حسێن ئازادکرا

دوای دەستگیرکردنی لەکاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانێک لە هەولێر، رۆژنامەنووس دیاکۆ حسێن ئازادکرا. دیاکۆ حسێن، رۆژنامەنووس، بە تۆڕی میدیایی ئێستای…
Total
0
Share