شوێنەواری نەرامسین یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری قەزای قەرەداغ، کە پێکهاتووە لە پەیکەرێکی هەڵکۆڵدراو لە چیایەک و مێژووەکەی بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی پەیکەری شوێنەوارەکەوە، بەشێکیان دەڵێن پەیکەری نەرامسین پادشای ئەکەدییەکانەوە و بەشێکی دیکەشیان بۆ ئوری سێیەم پادشای لۆلۆییەکان دەیگێڕنەوە و هەندێک بۆچوونی جیاوازی دیکەش لەبارەیەوە هەن.
بەپێی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپور لە هەرێمی کوردستان – عێراق ھەموو شوێنەوار و کەلەپوورەکان موڵکی دەوڵەتن و دەبێت بپارێزرێن، هەر کەسێک پارچەیەکی شوێنەوار بدزێت بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت جگە لە سزای دارایی کە شەش هێندەی نرخی خەمڵێندراوی شوێنەوارەکە دەبێت.
هەر بەپێی یاساکە هەر کەسێک پارچەیەکی شوێنەوار بە شێوەی قاچاخ بەرێتە دەرەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەنێوان هێزێکی ئاسایشی قەرەداغ و چەند چەکدارێک کە ویستوویانە شوێنەواری نەرامسین بدزن دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایش شەهیدبوون و تا ئێستا نەتوانراوە چەکدارەکان دەستگیربکرێن.