کەشناسیی ژاپۆن هۆشداریدا لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی کە دوێنێ کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتەی هەژاند و گوڕەکەی 7.1 پلەی رێختەر بوو.
ئاژانسی فرانس پرێس لە رێگای ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆنەوە بڵاویکردووەتەوە، “ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە لە ئارادایە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بوومەلەرزەکە بەدڵنیاییەوە روودەدات”.
دوای دامەزراندنی سیستمی نوێی هۆشداری دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە ساڵی ٢٠١١ روویدا، ئەمە یەکەمجارە هۆشدارییەکی هاوشێوە دەربکرێت، هاوکات بەهۆی ئەو هۆشدارییەوە فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن گەشتێکی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بۆ ئاسیای ناوەڕاست ئەنجامی بدات.
رۆژی پێنجشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلە لە دوورگەی کیوشو لە باشووری ژاپۆن روویدا و بەپێی بەیاننامەی دەزگای بەڕێوەبردنی ئاگر و کارەساتەکان هەشت کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە برینداربوون.