روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی داراییەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە و دەڵێت، ” ماڵپەری كەناڵی نالیای سەر بە خاوەنێكی قەرزداری حكومەتی هەرێم هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە بۆ بەرچاوڕوونیی هاوڵاتییانی خۆشەویست و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانین سەرەتا چەند خاڵێك روونبكەینەوە و ئینجا وەڵامێكی (نالیا)ش بدەینەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە روونكردنەوەكەیدا هاتووە، “گوایە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2013 ـەوە دەستی بەسەر نزیكەی 37 ملیار دیناری هاوڵاتییاندا گرتووە كە وەك پارەی مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لە هاوڵاتییان وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەك بدرێتە هاوڵاتییان نووسیوویەتی گوایە، پێش وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە هەر هاوڵاتییەك كە مامەڵەی كردووە، بڕی 285 هەزار دیناری وەك بارمتە لێوەرگیراوە، بەڵام لە 2014 پێشینە وەستاوە و ئێستا حكومەتی هەرێم نە پێشینەكە دەدات و نە 285 هەزار دینارەكە دەگێڕیتەوە بۆ هاوڵاتیان و بۆ بەرچاوڕوونیی هاوڵاتییانی خۆشەویست و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانین سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە روونبكەینەوە و ئینجا وەڵامێكی (نالیا)ش بدەینە:

1.پاڵپشت بە هەردوو بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 10452 و 11002بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوود وەرگرتنی فەرمانبەران و هاوڵاتییانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 44 ی ساڵی 2008 پێشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوەبوو لە رێگای 16 بانكی خانووبەرەوە پرۆسەكە جێبەجێكرا و بۆ زانیاریی هەموو لایەك ئەو پێشینەیە لە ساڵی 2008 ەوە تاوەكو ساڵی 2013 بە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 3 ترلیۆن و 214 ملیار و 513 ملیۆن و 458 هەزار و 300 دیناری بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاوڵاتییان دا و 196 هەزار و 721 كەس سوودمەندبوون لەو پڕۆسەیە.

2. پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە 4ی ساڵی 2021 كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم روونكردنەوەیەدا، لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، بڕی 250 هەزار دینار وەرگیراوە نەك 285 هەزار دینار وەك كەناڵی (نالیا) لە هەواڵەكەیدا نووسیوویەتی! ئەو 250 هەزار دینارەش وەك خەرجییە كارگیڕییەكان (المصاریف الاداریه) بەرامبەر بە (كرێی لیژنە، پشكنین، چاپەمەنی، گواستنەوە، رووپێو و شارەزا) كۆی ئەو پارەیەش بڕی 37 ملیار دینار نییە وەك ئەوەی نووسراوە، بەڵكو راستییەكەی بڕی 5 ملیار و 18 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و لە 20074 هاوڵاتی وەرگیراوە كە مامەڵەیان پێشكەشكردووە و پشكنینی موڵكیان بۆ كراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرجبكرێت، ئاگاداری هەموو لایەكیش دەكەینەوە كە هەر یەكێك لەو هاوڵاتییانە سەردانی بانك بكەن و داوای ئەو 250 هەزار دینارە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نییە، هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەك تا ئێستا چەندین هاوڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و 250 هەزار دینارەكەیان وەرگرتووەتەوە.

3. حكومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری وەك قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بوارەكانی تر بەخشیووە بە هاوڵاتییان ئەوەشی بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیووە لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە، لە سۆنگەی ڕەچاوكردنی دۆخی ئابوریی خەڵكیشەوە، هیچ جۆرە فشارێكی لەسەر هاوڵاتییان دروستنەكردووە.

لە كۆتاییشدا بە پێویستی دەزانین، وەبیر كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی بهێنینەوە، لەم كاتەدا كە ئەو هەواڵە بڵاوكراوەتەوە، كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە. خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەر ڕاست بووایە و بەراستی لە خەمی مافی خەڵكدا بووایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێچارەسەر دەكرا.

بابەتی پێشتر

چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی: لە کەیسی ئالان بێدەنگ نابین و پێویستە تاوانباران سزابدرێن

بابەتی دواتر

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی بەشداریی لە پرسەی نازەنین عەبابەكر، هاوسەری عومەر سەید عەلی كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share