ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، “عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دووپاتیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک کێشەی پارەی نەختینە لە عێراقدا بوونی نییە.”
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەدواداچوونیان کردووە سەبارەت بەو کێشەیەی باسدەکرێت و دەوترێت گوایە عێراق بەدەست کێشەی نەبوونی پارەی نەختینەوە دەناڵێنێت، لەسەر ئەو پرسە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی داوە کە بە هیچ جۆرێک کێشەیەکی لەو جۆرە لە عێراقدا بوونی نییە.
باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی دارایی مانگانە 43 ترلیۆن دیناری لەبەردەستە کە ئەو بڕە پارەیە بەردەوام جوڵەدەکات.
لەسەر هەمان پرس، دوێنێ چوارشەممە غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدوانیدا و رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە، بەڵکو دواکەوتنەكەی پەیوەندی بەو داواکارییانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق ئاراستەی حکومەتی هەرێمیان کردووە و جێبەجێنەکراوە.
ئەوەی ئێستا لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچە باسی لێوەدەکرێت، دوو بابەتە، یەکەمیان ئەنجامنەدانی بەبانکیکردن لە رێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە و دووەمیان ئەو لیستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدای کردووە.
بە قسەی سۆران عومەر، بۆ ئەم مانگە هەرێم لیستی مووچەی خانەنشینانی بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ناردووە کە بەو جۆرە زیاتر لە 70 ملیار دینار لە کۆی پارەی مووچە زیاددەکات لەسەر عێراق، عێراق سەرقاڵی پێداچوونەوەی لیستەکانە و نازاندرێت بە شێوازی لیستە کۆنەکە یاخود بە گوێرەی یاسا نوێیەکە مووچەی خانەنشینان رەوانەدەکرێت لەم مانگەدا.
غەریب ئەحمەدیش دەڵێت، ئەو لیستەی حکومەتی هەرێم بۆ دارایی عێراقی ناردووە و پڕە لە ناوی دووبارە و هێزی بندیوار و گومانی وەزیر لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و نە ناردنی لیستێکی شەفافی مووچەخۆران، هۆكاری راگرتنەكەیە.
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، دوێنێ چوارشەممە، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێم سەرجەم داتاكانی پەیوەست بە فەرمانبەرانی داوەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كە وردبینی دەكات و ئەوەش پێویستی بە كات هەیە و جەختیكردەوە و وتیشی، “مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ كێشەیەكی نییە”.