نزیكەی سێ هەفتەیە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز رەوانەی بەغداد كراوە بەڵام هێشتا بڕیار لەبارەی سەرفكردنیەوە نەدراوە، پەرلەمانتارێكیش هۆكارەكەی رووندەكاتەوە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە، بەڵکو دواکەوتنەكەی پەیوەندی بەو داواکارییانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق ئاراستەی حکومەتی هەرێمیان کردووە و جێبەجێنەکراوە.
وتیشی، “نە ناردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە پەیوەندی بەو لیستەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم بۆ دارایی عێراقی ناردووە و پڕە لە ناوی دووبارە و هێزی بندیوار، جگەلە جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی بە بانكیكردن (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکاندا”.
لەسەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە و داوای روونكردنەوەی لێدەكرێت، غەریب ئەحمەد وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڵام روونە گومانی وەزیر لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و نە ناردنی لیستێکی شەفافی مووچەخۆران، هۆكاری راگرتنەكەیە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیكردەوە، “ناردنی مووچەی مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، چونکە وەزیری دارایی ئامادەنەبوو مووچە لەژێر رۆشنایی لیستێکی ناڕووندا بنێرێت، بەڵام بۆ مووچەی مانگی 7 دەبینین تائێستا سەرۆک وەزیرانی عیراقیش ئامادەنییە وەک مانگی رابردوو ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆبگرێت”.