بۆ رێگری لە خۆپیشاندان هێز لە گەڕەکێکی ناحیەی دارەتووی هەولێر جێگرکراوە

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ناحیەی دارەتووی هەولێر، هێز جێگیرکراوە و رێگری لەو هاوڵاتییانە دەکەن کە دەیانەوێت دژی کەمیی ئاو ناڕەزایی دەرببڕن.

سەرچاوەیەکی تایبەت لەشاری هەولێرەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لەترسی دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان هێزێکی تایبەتی سەربە زێرەڤانی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ناحیەی دارەتوو جێگیرکراوە و بەزۆر بڵاوەیان بەو هاوڵاتییانە کردووە کە بە نیازی دەربڕینی ناڕەزایەتی بوون لە دژی کەمیی ئاو”.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، “پێشتر هێزێکی پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە خۆپیشاندان نەکەن، بەڵام دواتر هێزێکی زێرەڤانی چووەتە شوێنەکە و بە زەبری هەڕەشەکردن خەڵکیان بڵاوەپێکردووە و وتویانە کەس بۆی نییە خۆپیشاندان بکات”.

باسی لە ئەوەش کرد، “هێزەکە ماوەی دوو رۆژە لەو گەڕەکە جێگرکراوە هۆکارەکەشی راکێشانی بۆرییەکە بە نایاسایی بۆ یەکێک لە گەڕەکەکانی دیکە کە بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە کەسێکی دەستڕۆیشتووی پارتییە”. ناحیەی دارەتوو یەکێکە لەو ناحیانەی کە لە دوای بە قەزابوونی بەردەڕەش بووەتە ناحیە، و ژمارەی دانیشتووانی لە 28 هەزار و 826 کەس زیاترە.

بابەتی پێشتر

بۆ ئەمساڵی خوێندن هەموو خوێندکارێک کتێبی نوێ وەردەگرێت

بابەتی دواتر

کرێکارێکی بیانی لە کارگەیەکی شیشی هەولێر گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share