تەندروستیی سلێمانی: نەشتەرگەریی منداڵێک کە تێچووەکەی 15 بۆ 18 ملیۆن دینار بوو بە 600 هەزار لە نەخۆشخانەی سووتاوی ئەنجامدرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە نەخۆشخانەی سووتاوی نەشتەرگەریی جوانکاری نەشتەرگەرییەک بۆ منداڵێک کرا کە یەکەم جارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە جۆری خۆی ئەنجامبدرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، منداڵێکی سێ ساڵ بەدەست کێشەیەکی تەندروستییەوە دەیناڵاند کە هۆکارەکەی، گەشەنەکردنی بەشێکی شویلگەی بوو کە بەهەڵکشانی تەمەنی چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبوو و نان خواردن و قسەکردنیشی تەواو بەئازار دەبوو.

باس لەوەش دەکات، ئەنجامدانی پڕۆسەی چارەسەرکردنەکەی پێویستی بە ئامێرێکی تایبەت بوو بۆی دابنرێت کە تەنها لە دەرەوەی وڵات هەبوو و نرخی لەنێوان حەوت هەزار بۆ نۆ هەزار دۆلار دەخەمڵێنرا کە کۆی پرۆسەکە زیاتر لە 15 ملیۆن بۆ 18 ملیۆن دیناری عێراقی دەکرا.

ئاماژە بەوەش دەکات، خۆشحاڵانە لە نەخۆشخانەی سووتاوی نەشتەرگەریی جوانکاری شاری سلێمانی  لە هۆبەی سۆمەرلاد بۆ ناڕێکی لێو و مەڵاشو کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و  رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانە، لەلایەن دکتۆر داستان پسپۆڕی نەشتەرگەریی شویلگە و روو و سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری و پزیشکان و کارمەندانی بێهۆشکاری نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نەشتەرگەرییەکە یەکێکە لە جوانترین داهێنان و کارەکان کە کراوە بۆ ئەم چارەخوازە کە یەکەمین جارە کارێکی وابکرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە تەواوی دروستکردن و دانانەکەی لەلایەن پزیشکان  و تیمی بەشی  نەشتەرگەری ئەنجامدراوە و تێچووەکەی تەنها 600 هەزار دیناری عێراقی بووە.

بابەتی پێشتر

سودانی جێگرەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک رادەسپێرێت

بابەتی دواتر

چوار کاندید لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دوورخرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share