پلەی گەرمی لە جەمسەری باشوور مانگی رابردوو بەرزبووەوە و گەیشتە 10 پلەی سەدی لە سەروو رێژەی ئاسایی خۆی، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی “گاردیان” شەپۆلێكی گەرمیی نیمچە پێوانەییە.
راپۆرتەكە روونیدەكاتەوە، لەكاتێكدا پلەی گەرمی لە خوار سفر دەمێنێتەوە لەو ناوچەیەی لەم ماوەیەی ساڵدا تاریكی دایدەپۆشێت، بەڵام پلەی گەرمی لە هەندێك رۆژدا گەیشتووەتە 28 پلە بەرزتر لەوەی پێشبینی دەكرا.
رۆژنامە بەریتانییەكە لە زاری مایكڵ دیۆكس، بەرپرس لە پێشبینییەكانی كۆمپانیای كەشناسیی “MetDesk” رایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەشێوەی رۆژانە بەدەرلەئاسا بووە، بەڵام رێژەی بەرزبوونەوەی ناوەندیی بەدرێژایی مانگێك زیاتر مایەی گرنگیپێدانە.
داتا زانستییەکانی کەشوهەوا لە مێژە پێشبینی ئەوەیان کردووە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا کە بەهۆی قەتیسبوونی گەرمییەوە لە جیهاندا دروست دەبێت، لە ناوچە جەمسەرییەکان دەردەكەون، بەپێی وتەی دیۆكس.
شارەزایانی ئاووهەوا هۆشداریدەدەن لەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە زستانی ئێستای جەمسەری باشوودا و بەردەوامبوونی لە هاویندا، دەبێتەهۆی توانەوە و هەرەسهێنانی سەهۆڵبەندانەكان.
ویل هۆبز، لە زانكۆی تاسمانیا لە ئوسترالیا سەرۆكایەتیی تیمێكی لە زانایان كرد، لەوانەی كاریان لە توێژینەوەكانی پەیوەست بە گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی رووپۆشی بەستەڵەكبووی دەریای كیشوەری جەمسەری باشوور كردووە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی “گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و بەدەرلەئاسا” لە ئاووهەوای كیشوەرەكەدا هەیە، كە پێدەچێت لێكەوتەی هەبێت لەسەر سیستمی ژینگەی كیشوەری باشوور و سیستمی ئاووهەوای جیهان.
بەپێی رۆژنامەكە، توێژەران هۆشدارییاندا لەوەی لێكەوتەكانی ئەو گۆڕانكارییە “وێرانكەر” دەبێت، لە ئەگەری توانەوەی بەستەڵەك بەشێوەیەكی تەواوەتی لە جەمسەری باشوور، كە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی رووی دەریا لە سەرتاسەری جیهان بە رێژەی 60 مەتر، ئەمەش واتا ئاو ئەو دوورگە و كەناراوانە دادەپۆشێت كە لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری دانیشتووان تیایدا دەژین.