لە راگەیاندراوێكدا بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ راگەیاندنی پارتی لەبارەی پەیام و بەیاننامەكەیان سەبارەت بە ساڵڕۆژی داگیركردنی شەنگال پەیامێكی بڵاوكردەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تایبەت سەبارەت بە ساڵڕۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكانی شەنگال، هەمان ئەو رەخنە و قسانەن كە ساڵانە لەلایەن هەزاران هاوڵاتیی ئێزدییەوە دەكرێت و ئۆباڵی چۆڵكردن و رادەستكردنی خەڵكی سڤیلی شەنگال دەخەنە ئەستۆی پارتی.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت، “ئەگەر بتانەوێت نەك هەر قسەی هاوڵاتییانی ئێزدی، بەڵكو قسەی چەندین كەس لە كادیرانی پارتی كە خۆیان سەر بە ئایینی ئێزدین بڵاودەكەینەوە كە لە كاتی فەرمان و كارەساتی شەنگال بەدەنگێكی بەرزەوە دەیانووت “پارتی ئێمەی فرۆشت و لێدوان و قسەی قاسم شەشۆی فەرماندەی باڵای پارتی هەیە كە نزیكەی ساڵێك لەسەر چیای شەنگال بەهۆی كەمتەرخەمییەكەی حزبەكەیەوە بایكۆتی پارتی كردبوو”.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی جەختدەكاتەوە، “پەیامەكەی میدیای پارتی بەلای ئێمە و ئێزدییەكانی شەنگالەوە هیچ حسابێكی بۆ ناكرێت و پەندێكی پێشینان هەیە دەڵێت “بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت”.