لە كۆبوونەوەیەكدا لە پیرمام پارتی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە كوتلەی عەرەبی.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا هەریەك لە کوتلەی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی راکان جبوری، کوتلەی بەرەی تورکمانی و پارتی لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان و رێككەوتوون بۆ ئەوەی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە عەرەب.
هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی ئامادەیی هەموو رێککەوتنێكی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ عەرەبەکان بێت.
دوێنێ فراكسیۆنی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا ئەنجامدا.
لەبارەی ناوەرۆكەكەیەوە ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، باس لە گرنگیی رێکكەوتنی لایەنە سیاسیەکان کرا بۆ ئەوەی بە زووترین کات پۆستی پارێزگار یەکلایی بکرێتەوە.
باسیلەوەشکرد، محەمەد شیاع سودانی رۆڵی یەکێتی بەرزنرخاند، ئێمەش راشکاوانە رامانگەیاند کە حکومداریی تاکڕەوانە سەرکەوتوونابێت، پێویستە سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگیرێت.
ئەحمەد كەركوكی جەختیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێنماندا سووربین لەسەر هەڵوێستەکانمان بۆ پارێزگاریکردن لە پێکەوەژیان.