وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا

كۆبوونەوەیەكی بافڵ جەلال تاڵەبانی و فەرماندەكانی پێشمەرگە فۆتۆ: ئەرشیف

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و ئامرلیواكانی هێزی پێشمەرگە ڕێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان تاوتوێكرا، بڕیاریشدرا وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو پێشمەرگە قەدەغەبكرێت.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لە قەڵاچوالان لەگەڵ ئامرلیواکانی ھێزی پێشمەرگە باسی لە گرنگی و ڕۆڵی فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد و وتی، “ئێوە پارێزەر و خاوەنی یەکێتین و ئێمە مێژووی پڕ لە خەبات و شانازی ئێوە لە یادناکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان. خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لەداهاتووشدا گۆڕانکارییەکان دەبینن”.

لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا، بافڵ تاڵەبانی وتی، “دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

هەروەك باسیشی لە هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، یەکێتی پەرۆشی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات. بەپشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان ئەم پرۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەین و هێزی پێشمەرگە دەکەینە هێزێکی پڕچەک و پۆڵایین بەشێوەیەک لە ئاست تەحەددییەکان بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکی یەكێتی سەبارەت بەچاکسازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان ڕایگەیاند، دەبێت ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە سەرمەشقی گۆڕانکاری بن و پارێزەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بن و وتی، “لەمەودوا ڕێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتەسەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات. ھەرکەسێکیش لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووی دەبینەوە و ڕاپێچی بەردەم دادگای دەکەین. کەدڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە پشتیوانی سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دەبێت”.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و مەحمود سەنگاوی، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی حەفتا و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی پێشمەرگە و ھیوا عەبدوڵا، لێپرسراوی میحوەری چواری کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

بابەتی پێشتر

ئەفغانستان.. بەهۆی تەقە و چوار تەقینەوەوە 8 كەس بوون بە قوربانی

بابەتی دواتر

فڕۆكەیەكی ڕوسی ونبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share