بەتۆمەتی دزینی 13 ملیۆن و 700 هەزار دینار، ژنێک دەستگیرکرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێکی دیکە دەرچوو.
عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، هاوڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی رزگاری سکاڵای لەدژی دوو ژن تۆمارکرد کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی بڕی 13 ملیۆن و 700 هەزار دیناری عیراقییان لێدزیبوو، دوای سوودبینین لە کامێرای چاودێری، تیمی کامێراوانی بەشی پۆلیسی کەلار توانیان تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و لەنێو بازاڕی قەزای کەلار مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی کەلار توانیان یەکێک لەو ژنانە دەستگیربکەن .
عەلی جەمال قدوری باس لە ئەوەش دەکات، “ئەو ژنە لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە کە مێردەکەشی لەگەڵدایە و خەڵکی دەرەوەی سنووری گەرمیانن لە قەزای کەلار خانویەکیان بەکرێ گرتووە و رۆژانە لە سنووری گەرمیان کاری سواڵکردن دەکەن”.
بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، دوای رەزامەندیی دادوەر پۆلیس چوونە ماڵەکەیان و لەنێو ماڵەکەیان دەستیان بەسەر 87 گەڵا (هەشت هەزار و 700 دۆلاری ئەمریکی) و بڕی پێنج ملیۆن و 286 هەزاردیناری عێراقی و چەند پارچە ئاڵتونێکدا گرت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئێستا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 بەندکراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێکی دیکە دەرچووە کە لەگەڵ تۆمەتبار پێکەوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ راگیراوەکەدا بەردەوامە.