سەعدی ئەحمەد پیرە: هێزەکانی سەر بە پارتی بە نیوەی شەو خەڵکی شەنگالیان جێهێشت

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەداخەوە کارەساتی شەنگال روویدا، هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی بەرەنگارنەبوونەوە دەبوایە خەڵکی شەنگالیان ئاگاداربکردایەتەوە لەو هێرشە، نەک نیوەی شەو بەتەنها جێیان بهێڵن.

وتەبێژەکەی یەکێتی دەشڵێت، “بڕیار وابوو، لیژنەیەک ئامادەبکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسانەی کەمتەرخەمبوون بەرامبەر بە ئەرکەکانیان و جێهێشتنی خەڵکی شەنگال، بەڵام تا ئێستا کەس نازانێت ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە چی بوو، باشتر وایە ئەنجامی لیکۆڵینەوەکان بڵاوبکرێنەوە لە جێگەی رشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانییانی شەنگال.

راشیگەیاند، یەکێتی بە هێزێکی زۆر کەم و بە هاوکاری هەندێک هێز و خەڵکی کەمی ناوچەکە، ئەوەی توانیان کردیان بۆ پاراستنی بەشێک لەو خەڵکەی لە شەنگال مابوون و برانە چیای شەنگال.

لەبارەی بەڕێوەبردنی شەنگالەوە ئاماژەی بەوەکرد، پێویست بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پاراستنی ئێزدییەکان لەو مەترسییانەی لە داهاتوودا دەکەوێتە سەریان، لەبارەی رێککەوتنامەی شەنگالەوە وتی، “وەک ئەوە وایە مەڕەکان راسپێری بە گورگ بیانپارێزێت”، وتیشی، یەکێتی بە هیچ رێککەوتننامەیەک قایلنابێت، ئەگەر لە بەرژەوەندی خەڵکی شەنگال نەبێت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکات

بابەتی دواتر

بەرمیلێک نەوتی برێنت 3.41%ی نرخەکەی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share