ژمارەیەك زانا لە كۆریای باشوور سەركەوتووبوون لە هێنانەدی داهێنانێكی زانستیی زۆر گرنگ، توانییان بگەنە تەكنەلۆجیایەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مێشكی مرۆڤ لە دوورەوە، كە ئەوەش پێشكەوتنێكی زۆر گرنگە، دەبێتە هۆی چارەسەری زۆر نەخۆشی، بەڵام لە هەمان كاتدا وادەكات دەستبەسەراگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی هەڵسوكەوتەكانیان لەلایەن ئەوانی دیكەوە ئاسان بێت.
بەپێی ئەو راپۆرتەی لە رۆژنامەی (دەیلی مەیل) بڵاوكراوەتەوە، تەكنیكەكە كە لە كۆریای باشوور دروستكراوە بریتییە لە ئامێرێكی كۆنتڕۆڵی مێشكی مرۆڤ لە دوورەوە كە “دوور مەودا” و “قەبارە گەورەیە”.
زانایان دووپاتیدەكەنەوە، ئامێرەكە تایبەتە بە بەكارهێنان بۆ رێوشوێنە پزیشكییە “نا نەشتەركارییەكان” كە زۆر كاروبار بۆ پزیشكان ئاسان دەكات.
توێژەران لە پەیمانگای كۆری بۆ زانستە بنەڕەتییەكان (IBS) ئامێرەكەیان پەرەپێداوە كە دەتوانێت لەڕێی بواری موگناتیسییەوە دۆخی مێشك كۆنتڕۆڵبكات، تاقیكردنەوەشیان لەسەر كردووە لەڕێی هاندانی غەریزەی “دایكایەتی” لە بابەتەكانی تاقیكردنەوەی مێینە لەسەر مشك.
لە تاقیكردنەوەیەكی دیكەدا، گروپێكی مشكی تاقیگەیان خستەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی تایبەت بە كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن، لە ئەنجامدا كێشی جەستەیان بەرێژەی 10% واتە نزیكەی 4.3 گرام دابەزی.
بەپێی ئەو تیمی توێژینەوەیەی دەستكەوتەكەیان بەدەستهێناوە، “ئەمە یەکەم تەکنەلۆجیایە لە جیهاندا کە بە بەکارهێنانی بوارە موگناتیسیەکان دەتوانێت ناوچە دیاریكراوەكانی مێشك ئازادانە كۆنتڕۆڵبكات”.
دكتۆر چیون جین وو، بەڕێوەبەری ناوەندی (IBS) بۆ پزیشكیی نانۆ لە كۆریای باشوور رایگەیاند، پێشبینی دەكات ئامێرە نوێیەكە لە كۆمەڵێكی جۆراوجۆری بوارەكانی چاودێریی تەندروستی بەكاربهێنرێت، كە پێویستییەكی زۆر هەیە لەسەری.
وتیشی، پێشبینی دەكەن لە ئاستێكی بەرفراواندا بەكاربهێنرێت بۆ تێگەیشتن لە ئەركی مێشك، تۆڕە دەمارییەكانی ناو مێشك و چەندین بواری دیكە.
سەرەڕای ئەوەی كۆنتڕۆڵكردنی مێشك لە دوورەوە تائێستا جۆرێكە لە فەنتازیای زانستی، بەڵام شارەزایانی تەندروستی تێبینیی ئەوەیان كردووە كە بوارە موگناتیسییەكان چەندین دەیەیە بە سەركەوتوویی لە بوارە پزیشكییەكاندا بەكاردەهێنرێت.