سعودیە و کوەیت بە شەمەندەفەر بەیەکەوە دەبەسترێنەوە

لیژنەی باڵای بەڕێوەبردن لە نێوان كوەیت و سعودیە دەرئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی توانستی دارایی، ئابوری، تەكنیكی و كۆمەڵایەتی لە پڕۆژەی شەمەندەفەر لە نێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی سەرنشین و كاڵا پەسەندكرد.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی كوەیت لە لێدوانێكیدا ئاشكرایكرد، ”ئێستا كار بۆ خستنەڕووی دیزاینی سەرەتایی پڕۆژەكە دەكرێت و دوای تەواوكردنی رێكارە پێویستەكان ئەنجامدەدرێن و دەرگا بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەكرێتەوە تاوەكو لەم قۆناغەدا بەشداری بكەن”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە ساڵی 2026 دەستپێدەكات، ژمارەی چاوەڕوانكراوی ئەو سەرنشینانەی دەگوازرێنەوە لەنێوان هەردوو وڵات لە رێگای ئەو شەمەندەفەرەوە سێ هەزار و 300 سەرنشینە لە رۆژێكدا بە تێكڕا لە 6 گەشتدا، هاوكات ئەو ماوەیەی دەیبڕێت نزیكەی 500 كیلۆمەترە لە ماوەی كاتژمێرێك و 40 خولەكدا”.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، ”نرخی بلیتی گەشتەكانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگای ئەو شەمەندەفەرەوە بۆ هەمووان گونجاو دەبێت و شەمەندەفەرەكە لە خێراییدا ركابەریی فڕۆكە دەكات”.

جەختلەوەش دەكاتەوە، ”بەپێی پلانی پڕۆژەكە پێشبینیدەكرێت لە ماوەی 4 ساڵدا تەواوبێت و هەردوو حكومەتیش لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاڕاستەكردووە كە كارەكانی ئەم پڕۆژە گرنگە خێراتربكەن و راپۆرتی وەرزی پێشكەشبكەن لەسەر هەنگاوەكانی تەواوكردنی”.

بابەتی پێشتر

تەرمی منداڵە دوو ساڵانەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share