بەرپرسێكی ئێران: بەهۆی قەیرانەوە خەڵكی گۆشتی مەڕ ناخەنەسەر سفرەكانیان

لە ئاماژەیەكدا بۆ دۆخی ئابوری لە ئێران و بەرزیی نرخی گۆشت، بەرپرسێكی بواری سامانی ئاژەڵی وڵاتەكە دەڵێت، “خەڵك بەنزیكەیی لە بەكاربردنی گۆشتی مەڕ وەستاون و گۆشتی مانگا دەكرن، ئەگەر بیانەوێت گۆشت بكڕن”.

مەنسور پورییان، سەرۆكی ئەنجومەنی دابینكردنی سامانی ئاژەڵی لە ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیلنا وتی، ئەو دۆخە لەكاتێكدایە زۆرینەی چوارپێیەكان لە ئێران مەڕوماڵاتن.

وتیشی، “لەم جۆرە دۆخەدا، بەخێوكار ناچاردەبێت مەڕوماڵاتەكەی بەزیادكردن بفرۆشێت و سەرجەم ڕانەكەی ببات بۆ سەربڕین تا بتوانێت خەرجی لەوەڕاندنیان دابینبكات”.

بەپێی وتەی ئەو، بەرزی تێچووی بەرهەمهێنان و خەرجی چاكسازی و خەرجییە زۆرەكانی دیكە و نەبوونی بازاڕی گونجاو دیارترین هۆكارەكانی مایەپوچبوونی جوتیارانە، سەرەڕای ئەوەی وشكەساڵی و كەمی ئاو وایكردووە مەڕوماڵاتەكان لاواز و بێكێش بن.

باوەڕی خۆیشی نیشانداوە كە پێویستە بازاڕێكی گونجاو بۆ ئەو بڕە مەڕوماڵاتە دەستەبەربكرێت كە لەبەردەست بەخێوكارانیاندا ماونەتەوە و وتی، “هەناردەكردن تاكە ڕێگایە بۆ هاریكاریكردنی خاوەن كێڵگەكان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێیكەوتوون، لەسایەی ئەو وەستانەی ڕووبەڕووی بازاڕی ناوخۆ بووەتەوە”.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین راپۆرت ئاماژەیان بە دابەزینی بەكاربردنی گۆشت و پڕۆتینی گیانداری لە ئێران دەكرد بەهۆی بەرزی نرخەوە.

دوێنێ نرخی هەر كیلۆیەك گۆشتی مەڕوماڵات لە تاران لەنێوان 22 هەزار بۆ 33 هەزار تمەندا بوو، بە زیادبوون لە نێوان 17 بۆ 35% بۆ هەر كیلۆگرامێك.

هەروەك نرخی گۆشتی مانگاش بە ڕێژەی 33 تا 37% بەرزبووەتەوە بە 37 تا 56 هەزار تمەن بۆ هەر كیلۆگرامێك زیاتر لە ساڵی ڕابردوو دەفرۆشرێت.

ماوەی چەند ساڵێكە ئێران گیرۆده‌ی قەیرانێكی ئابوری و سیاسی بووە و بەهۆیەوە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەكەدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان زیاتر لە 10 ملیۆن لە كۆی 14 ملیۆن كرێكار لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

دۆخە ئابورییەكە بووەتە هۆی هەڵئاوسانی دراو و لە ساڵی ڕابردوودا هەڵاوسان گەیشتە 41%.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئه‌یاکس له‌ بێشکتاشی برده‌وه‌ و ئینته‌ر میلان یه‌کسانبوونی تۆمارکرد

بابەتی دواتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنمایی وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی 12-ی لە زانکۆ حکومییەکان بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share