دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، دەستبەسەر 44 پەرتوکی رووپۆشکراو بەماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەمەبەستی پشکنینی زانستی لە تاقیگەی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی پشکنین بۆ پەرتوکەکان دەکات، لە ئەنجامەکانی پشکنینەکانی تاقیگە دەریخست پەرتووکەکان(مەلزەمە) رووپۆشکراون بە ماددەی (ئەمفیتامین) کریستاڵ.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگریی پێشوەخت و پاش بەدواداچوون و چاودێری وردی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەنجامدرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بازرگانان ویستویانە بەتەکنیکێکی نوێ ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەی ترانزێت بهێننە کوردستان و بیگوازنەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا، بەڵام بە لێهاتووی هێزەکانی ئاسایش و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت و سەرجەم پەرتوکەکان دەستی بەسەردابگیریت.
باس لەوەشکراوە، تۆمەتبار بە ماددەی (26) لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.