چی روویدا؟
هۆكاری كێشە تەكنیكییە جیهانییەكە ئاشكرادەكرێت

دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکیی جیهانییەوە، زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا راگیران و کاریگەری لەسەر ژمارەیەك لە میدیا نێودەوڵەتییەكان و بانکەکان دروستكرد، شارەزایەكی بوارەكە هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

کێشە تەکنیکی جیهانییەکە کاریگەری لەسەر کارەکانی وڵاتانی جیاواز هەبووە لەوانە فڕۆکەخانەکانی ئیسپانیا، هێڵی ئاسمانیی تورکیا، میدیاکانی ئوسترالیا و بانکەکانی ئەو وڵاتە.

هاوکات، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەمریکا داوای لە سەرجەم فڕۆکەکان کرد بنیشنەوە، بەهۆی کێشەکەوە گەشتە ئاسمانییەکان راگیران.

لە بەریتانیا، کێشە لە پەخشی ئاسمانی چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و سیستمی پزیشکی وڵاتەکەدا دروستبوو، بۆرسەی لەندەن کارەکانی وەستا، هاوشان لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی جیهان.

سەردەشت عەزیز، شارەزای بواری ئایتی لە نووسینێكدا هۆكارەكەی ئاشكرادەكات و، روونیشیدەكاتەوە، ئەو كۆمپانیا و وڵاتانەی تووش نەبوون مانای وانیە کە بەهێزن. دەقی نووسینەكەی:

چی روویدا؟

رۆژی هەینی، کۆمپیوتەری چەندین کۆمپانیای (فڕۆکەوانی، بانک، نەخۆشخانە، دەزگای میدیایی) لەکارکەوتن و شاشەیەکی شینی پیشاندا کە پێیدەوترێت (شاشەی مردن)، ئەم شاشەیە کاتێک لەسەر کۆمپیوتەری ویندۆز دەردەکەوێت، مانای ئەوەیە گرفتێک هەیە و کۆمپیوتەرەکە ناتوانێت کاربکات.

سەرچاوەی کێشەکە
کۆمپانیای کراودسترایک کۆمپانیایەکی پاراستنی ئەمەریکییە و بارەگاکەی لە ئۆستنی ویلایەتی تەکساس-ە، کاری ئەم کۆمپانیایە پاراستنی کۆمپیوتەری کۆمپانیاکانی دیکەیە لە هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردن کە بەشێوازێکی پێشکەوتوو و راستەوخۆ ئەم کارەدەکات.

خزمەگوزاریی ئەم کۆمپانیایە بە پارەیە و تەنها ئەوانە سوودی لێدەبینن کە خزمەتگوزاریەکانیان دەکڕن.

سەرەتای کێشەکە
کۆمپانیایەکە دەیەوێت سیستەمەکەی لەسەر کۆمپیوتەری ویندۆزی کڕیارەکانی نوێبکاتەوە کە سیستەمێکە پێیدەوترێت (Falcon Sensor) و کاری ئەم بەشە بریتیە لە پاراستنی کۆمپیوتەر لە هەڕەشە و هێرشەکان و چەندین وردەکاریی تری تایبەت بە پاراستن.

روودانی کێشەکە
لەکاتی نوێکردنەوەکەدا ئەم خزمەتگوزارییەی کراودسترایک بەشێوەی 100% میمۆریی کۆمپیوتەرەکان داگیردەکات و، دەبێتە هۆی دروستبونی کێشەیەک لە (Kernel Driver)ی ویندۆز کە ئەم بەشە لە ویندۆزدا زۆر هەستیارە و بەرپرسە لە پەیوەندیی نێوان بەرنامەکان و ویندۆز، لە دوای ئەم گرفتەش ویندۆز تووشی گرفتێکی دیکە دەبێتەوە بەناوی (Driver_Overran_Stack_Buffer) کە وردەکاریی تەکنیکی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم گرفتە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی کۆمپیوتەرەکە و دەرکەوتنی ئەو شاشە شینە.

راگەیاندنی کێشەکە
کۆمپانیای کراودسترایک کە هۆکاری کێشەکە بوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کێشەکە بەهۆی نوێکردنەوەوە بوە و بەهیچ شێوەیەک هاک و هێرشی ئەلیکترۆنی نیە، هەروەها چارەسەرێکی بەشێوەیەکی کاتی بڵاوکردەوە و لەهەمان کاتیشدا ستافەکەی یارمەتی کۆمپانیا زەرەرمەندەکانیاندا بۆ چارەسەری کێشەکە.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە ئەویش زەرەرمەندی گەورەیە لەم کێشەدا بەیاننامەی دەرکرد و لۆمەی کۆمپانیای کراودسترایکی کرد و وتی، “هەڵەی ئەوانە ئەم گرفتە رویداوە” لەگەڵ ئەوەشدا رێنمایی بۆ چارەسەری کاتی گرفتەکە بڵاوکردەوە، تا ئەوکاتەی بە تەواوی چاک دەکرێت.

ئایا ئەم کێشەیە بڵاودەبێتەوە؟
ئەم گرفتە تەنها تووشی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت کە ئەو خزمەتگوزاریەیان هەیە و ئەمە ڤایرۆسێک نیە تا بترسین ئێمەش تووشی کێشەبکات.

ئەوەی زیانی بەرنەکەوتووە بەهۆی بەهێزییەوە بووە؟
سەرەتا ئەم رووداوە ئەوە دەردەخات ئەو کۆمپانیایانەی تووشی ئەم گرفتە بوون پاراستنی کۆمپیوتەر و زانیاری خۆیان زۆر بەلاوە گرنگە و ئامادەبوون پارە خەرج بکەن لەپێناو سەلامەتیدا.

ئەوەشی کە تووش نەبووە مانای وانیە کە بەهێزە تەنها ئەوەیە کە ئەو خزمەتگوزارییەی کۆمپانیای کراودسترایک بەکارنەهێناوە، بەتایبەت لە کوردستان کە ئەم شتانە لە مەحاڵەوە نزیکە و کۆمپانیا و دەزگاکان پارە بە ویندۆز نادەن چ جای بگات بە خزمەتگوزاریی کراودسترایک.

دوای ئەم گرفتە چی دەگۆڕێت؟
کۆمپانیای کراودسترایک زەرەرمەندی گەورەیە و پێشبینی دەکرێت کاریگەریی درێژخایەن لەسەری دروستبکات و چەندین کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی رابگرن.

مایکرۆسۆفت بەشێوازی کورتخایەن زەرەرمەندە، بەڵام بەهۆی گەورەیی و بەهێزییەوە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر دروستناکات.

دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی نوێکردنەوەی سیستەمەکان و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکان بۆ رێگری لەم جۆرە کێشانە.

کۆستن رایۆ شارەزایەكی ئەم بوارەیە و بۆ ماوەی 23 ساڵ لە کۆمپانیای کاسپەرسکی روسی هەمان کاریکردوە، دوای روودانی ئەم گرفتە وتی، “ئێمە لە کاسپەرسکی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئەم نوێکردنەوانەمان لەسەر ویندۆز تێست دەکرد پاشان دەماننارد بۆ کڕیارەکانمان”، هەر ئەمڕۆ کاسپەرسکی وەک توانجێک نووسیویەتی “لەگەڵ ئێمە هەرگیز تووشی ئەم کێشانە نابیت”.

ن: سەردەشت عەزیز

بابەتی پێشتر

"عادەتێك" لەكاتی خواردندا مەترسیی مردن بەهۆی نەخۆشیی دڵ زیاددەكات

بابەتی دواتر

ئەمریکا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی کوشندەی لە 12 ویلایەتدا راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share